ئەمڕۆ پێنجشەم دووی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا کە دەست "وشە" کەوتووە، پابەندبوونی ڕوون و نەگۆڕی خۆی بۆ هێشتنەوەی عێراق لە دەرەوەی بازنەی ململانێکانی ناوچەکە دووپات کردەوە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بە ڕاگەیەنراوی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا سەبارەت بە مەترسییە تەناهییە پێشبینیکراوەکان.
وەزارەتەکە ڕوونی کردەوە کە عێراق لایەنێک نییە لەم ململانێیەدا و نایەوێت ببێتە بەشێک لێی، هەرچەندە یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین کاریگەریی لێکەوتە تەناهی، ئابووری و سیاسییەکانی بەرکەوتووە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە کە حكوومەتی عێراق درک بە مەترسیی قۆناغەکە دەکات، بۆیە دووپاتی دەکاتەوە کە ڕەنگە هەندێک لایەن یان کەس، بەپێچەوانەی ئاراستەی دەوڵەت، هەوڵی گرتنەبەری ڕێکاری تاکلایەنە بدەن یان پێگەکانیان بقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی کارێک کە نوێنەرایەتیی سیاسەتی فەرمیی دەوڵەت ناکات. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو جۆرە ڕەفتارە تاکەکەسی یان گرووپە سنووردارەکان بە کارێکی دەرەوەی یاسا دادەنرێن و بە هیچ شێوەیەک ڕەنگدانەوەی ڕۆڵی حكوومەتی عێراق یان دامەزراوەکانی نین، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتیش لە لایەن چەند کەسێکەوە پاساو ناداتە دەست بۆ دەرکردنی بڕیاری بەکۆمەڵ یان خستنەپاڵی بەرپرسیارێتییەکە بۆ پاڵ حكوومەت.
وەزارەتی دەرەوە باسی لەوەش کردووە کە ئەوەی دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، ئەوەیە کە ئەم ململانێیە لە سێبەری پاشەکشەیەکی ڕوونی پابەندبوون بە پێوەرە یاسایی و مرۆییەکانی پەیوەست بە ململانێ چەکدارییەکان بەڕێوە دەچێت، ئەمەش وای کردووە ببێتە شەڕێکی کراوە کە کاریگەرییەکانی تێکەڵ ببن و بەرۆکی ئەو وڵاتانەش بگرێت کە لایەن نین لە شەڕەکەدا، لەوانەش عێراق.
لە کۆتاییدا وەزارەتەکە دووپاتی کردەوە کە لەم قۆناغە نائاساییەدا، حكوومەت زۆرترین هەوڵ دەدات بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە پەرەسەندنێک، هەروەها بەهێزکردنی ڕێکارە تەناهییەکان، پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان، بەرژەوەندییە بیانییەکان و هاووڵاتییان لە ناوخۆی وڵاتدا. هاوکات بەردەوامیشە لە گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ زامنکردنی بەکارنەهێنانی خاکی عێراق وەک خاڵی دەستپێک بۆ هەر کردەوەیەکی دوژمنکارانە.