ئەمڕۆ پێنجشەم دووی نیسانی 2026، کایا کالاس، بەرپرسی باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا ڕای گەیاند، ناکرێت ڕێگە بە ئێران بدرێت باج بخاتە سەر وڵاتان بەرانبەر بە تێپەڕبوونی کەشتییەکانیان بە ناو گەرووی هورمزدا.
کالاس لە پۆستێکدا لە سەکۆی "ئێکس" نووسیویەتی، ئەم ڕێڕەوە ئاوییە موڵکێکی گشتیی جیهانییە و ناکرێت ڕێگە بە ئێران بدرێت باج بەسەر وڵاتاندا بسەپێنێت بەرانبەر بە تێپەڕبوونی کەشتییەکانیان. زیاتر گوتی، یاسای نێودەوڵەتی ددان بە پلانەکانی وەرگرتنی باج بەرانبەر بە تێپەڕبوون نانێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە نێردەی دەریایی یەکێتیی ئەوروپا "ئاسپیدس" پێشتر یارمەتیی 1700 کەشتی لە دەریای سووردا داوە و پێویستە بازنەی کارەکانی فراوانتر بکرێت. دووپاتیشی کردەوە، ناتوانین بەرگەی لەدەستدانی ڕێگەیەکی تری گرنگی بازرگانی بگرین.
پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە سەکۆی "ترووس سۆشیاڵ" ڕای گەیاندبوو کە واشنتن چاوەڕێیە گەرووی هورمز کراوە و ئازاد بێت لە بەردەم کەشتیوانیدا. دووپاتیشی کردەوە، تا ئەو کاتەی گەرووەکە دەکرێتەوە، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە بۆردومانکردنی ئێران تا سنووری لەناوچوون یان وەک خۆی دەڵێت، تا "سەردەمی بەردین".
لە بەرانبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران دووپاتی کردەوە کە گەرووی هورمز بە ڕووی دوژمناندا بە داخراوی دەمێنێتەوە، هەروەها ڕای گەیاند کە "ئەو نمایشە گاڵتەجاڕییانەی سەرۆکی ئەمەریکا پێشکەشی دەکات، نابنە هۆی کردنەوەی گەرووەکە".