ئەمەریکا ئیسرائیل ئاگادار دەکاتەوە کە گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران گەیشتوونەتە بنبەست

:: AM:11:36:03/04/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی سێی نیسانی 2026، ڕۆژنامەی "ئیسرائیل هیوم"ـی عیبری ئاشکرای کرد کە ئیدارەی ئەمەریکا، ئیسرائیلی ئاگادار کردووەتەوە کە گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران گەیشتوونەتە بنبەست، ئەوەش بەهۆی "نەبوونی متمانە" لە نێوان هەردوو لایەندا.

لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەکەدا، لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماسییەوە گواستراوەتەوە کە "نەبوونی متمانە" بەربەستی سەرەکییە لە بەردەم هەر پێشکەوتنێکی دانوستانەکان، چونکە ئێران سوورە لەسەر ئاگربەستی دەستبەجێ لەگەڵ گرەنتیی نێودەوڵەتی بۆ دەستپێنەکردنەوەی هێرشەکان، لە کاتێکدا ئەمەریکا مەرجی داناوە کە دیارترینیان کردنەوەی تەواوەتی و بێ مەرجی گەرووی هورمز و ڕادەستکردنی گشت کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوە.

ڕۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە هەردوو لایەنی ئەمەریکا و ئیسرائیل ئامادەکاری دەکەن بۆ فراوانکردنی بازنەی بۆردمانەکان بۆ ئەوەی بەلایەنی کەمەوە 10 ڕۆژی تر بەردەوام بن، بە تیشکخستنە سەر ژێرخانی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران و ئەو دامەزراوە مەدەنییانەی ڕژێمەکە لە ناو وڵاتدا بەکاریان دەهێنێت، ئەوەش لە ناو هەوڵەکاندا بۆ تێکشکاندنی توانای تاران بۆ پارەدارکردنی چالاکییە سەربازییەکانی.

سەرەڕای ئەوەی تا ئێستە ئەمەریکا و ئیسرائیل خۆیان پاراستووە لە بەئامانجگرتنی وێستگە گەورەکانی وزە و دامەزراوەکانی نەوت، بەڵام خاپوورکردنی پردی "کەرەج" و کارگە ناسەربازییەکان ئاماژەن بۆ گۆڕانکاری لە ستراتیجیی مەیدانیدا.

بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنانەی کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا خستوویەتییە ڕوو، ئۆپراسیۆنەکان ئەنجامی بەرچاویان لە چەند دۆسیەیەکدا بەدەست هێناوە، دیارترینیان تواناکانی ئەتۆمی و مووشەکییە، بە جۆرێک زۆربەی ژێرخانی پڕۆژە ئەتۆمییە سەربازییەکان لەناو براون، هەروەها نزیکەی 80٪ـی مووشەکە پێشکەوتووەکان و 90٪ـی سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک لەکار خراون.

هاوکات "گۆڕین یان لاوازکردنی ڕژێم" وەک ئامانجێکی ستراتیجی دەرکەوتووە کە لە نێوان ترەمپ و بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گفتوگۆی لەبارەوە کراوە، لەگەڵ داننان بەوەی کە ئەم ئاراستەیە ڕەنگە چەند مانگێک بخایەنێت لە بەرانبەر لاوازیی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆییدا.

گەرووی هورمزیش وەک دیارترین خاڵی گرژی دەمێنێتەوە، چونکە سوپای پاسداران بەردەوامە لە بەئامانجگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، ئەمەش وای کرد واشنتن بوونی سەربازیی خۆی بەهێزتر بکات و ڕەخنە لە "سستیی ئەوروپا" بگرێت لە پاراستنی دابینکردنی وزەدا.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەشدا ئەوە دووپات کراوەتەوە کە خەمڵاندنەکان لە ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن، جەنگ کۆتایی نایەت بەبێ ڕێککەوتنێک کە گەڕانەوەی جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووەکە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی بەتەواوی مسۆگەر بکات.


وشە - پۆڵا مەحموود