ئەمڕۆ هەینی سێی نیسانی 2026، وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕای گەیاند، کاروانی نوێی هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ ئاوارە لبنانییەکانی ناوچەكانی باشوور ناردووە، کە بەهۆی هەڵکشانی ململانێکانەوە ئاوارە بوون، دووپاتیشی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە ڕۆڵی خۆیان بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک بۆ خێزانە زیانلێکەوتووەکان.
لە ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتەکەدا کە دەست "وشە" کەوتووە، لە زاری مالیک دەریعی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەرەپێدانی کەرتی تایبەت هاتووە، "لیژنەی بەهاناوەچوونی ئاوارەکان" کە بەپێی فەرمانێکی دیوانی پێکهێنراوە، بەردەوامە لە پێشکەشکردنی پاڵپشتیی بەپەلە بۆ خێزانە لبنانییەکان بەمەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستییە سەرەکییە کتوپڕەکانیان.
ڕاگەیەنراوەکە ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە هاوکارییەکان پێکهاتوون لە سەبەتەی خۆراکیی تەواو بۆ خێزانە ئاوارەکان و پێداویستییەکانی حەوانەوە کە پێکهاتووە لە دۆشەک و بەتانی، هەروەها دابینکردنی گشت کەرەستە سەرەتاییە پێویستەکان بۆ چێشتخانە ناوەندییەکان کە ئەرکی ئامادەکردنی ژەمەخۆراکییە ئامادەکراوەکانیان لەئەستۆدایە.
دەریعی ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم بەشدارییە دەچێتە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حكوومەتی عێراق بۆ کەمکردنەوەی سەختیی تەنگژەی خۆراک و لێکەوتەکانی ئاوارەبوون، هاوکات دووپاتی کردەوە لەسەر گرنگیی یەکخستنی هەوڵە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیریی ژیان لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان، هەروەها دووپاتیشی کردەوە کە عێراق هەمیشە پێشەنگ دەبێت لە پاڵپشتیکردنی دراوسێ و براکانی لە کاتی تەنگژە مرۆییەکاندا.