هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل چووە ناو شەشەم هەفتە، ئەمڕۆ بارەگەی خاتەمولئەنبیای سەر بە سوپای پاسداران رای گەیاند كە عێراق دەتوانێت نەوتەكەی بە رێگەی گەرووی هورمز هەناردە بكات، هاوكات هەر ئەمڕۆ هێرشی درۆنی بۆ سەر چەند كێڵگەیەكی نەوتی عێراق دەست پێ كرد، لەوانە كێڵگەی نەوتی بازرگان لە پارێزگای میسان.
سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای میسانی عێراقی ئاماژەی كرد كە ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو كێڵگەی نەوتی بازرگان بە شەش درۆنی نەناسراو هێرشی كراوەتە سەر، هێرشەكان ئەو كۆمپانیایانەی كردووەتە ئامانج كە لەو كێڵگانە كار دەكەن، بەهۆی هێرشەكانەوە تەنیا زیانی مایەكی هەبووە.
ئەمڕۆ چەند هێرشێكی یەك لە دوای یەك بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكانی پارێزگای بەسرە ئەنجام درا و بەو هۆیەوە سێ عێراقی لە كێڵگەی رومێلە بریندار بوون، كە بە درۆن هێرشیان كراوەتە سەر، هاوكات بە درۆن هێرش كراوەتە سەر كێڵگەی مەجنوون لە رۆژئاوای بەسرە.
ئەمڕۆ كۆمپانیای KBR كرایە ئامانج و زیانێكی زۆری بەر كەوتووە، بەڵام زیانی گیانی لە كۆمپانیاكە نییە، پێشتریش هێرش كرایە سەر كۆمپانیای "مەجال"، كە لە ناوچەی بەرجسییە كار دەكات و لەگەڵ كۆمپانیای "شلمبێرگەر"ی ئەمەریكی كە لە كێڵگەی رومێلە كار دەكات.
هەر ئەمڕۆ دەنگی چەند تەقینەوەیەكی بەهێز لەسەر سنووری عێراق و كوێت بیسترا، عومەر وائیلی سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق رای گەیاند، بەهۆی ئەو هێرشەی كراوەتە سەر دەراوزەی سنووری شەلامچە لە سەر سنوروی ئێران، دەراوزەكە داخراوە و لە هێرشەكەش كەسێك كوژراوە و پێنج كەسیش بریندارن.