بڕیاری لە سێدارەدان بۆ تاوانبارێك درا كە كچانی ئێزیدی رفاندووە

:: PM:02:20:05/04/2026 ‌
دادگای كەتنی كەرخ سزای سێدارەدانی بۆ تاوانبارێك دەركرد كە ئەندامی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بووە، كۆمەڵێك تاوانی كردووە و یەكێكیان رفاندنی كچانی ئێزیدییە لە شنگال.

ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی نیسان، دادگای كەتنی كەرخ لە بەغدا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ تاوانبارێك دەركرد كە ئەندامی رێكخراوی تیرۆیستی داعش بووە، كۆمەڵێك تاوانی ئەنجام داوە.

تاوانەكانیشی ئەمانەن: رفاندنی كچانی ئێزیدی، كوشتنی پیاوەكانیان، تۆقاندنی خەڵك، هێرشكردنە سەر هێزە تەناهییەكان، سەرەڕای ئەندامبوونی لە رێكخراوی تیرۆریستی داعش.

لە راگەیەنراوێكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریدا هاتووە، "بڕیارەكە بەگوێرەی مادەی چواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراق، یاسای رزگاربووانی كچانی ئێزیدی دراوە".

رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە 2014 دەستی بەسەر شنگال و ناوچەكانی تردا گرت، بە هەزاران ژن و منداڵی ئێزیدی رفاند كە بە یەكێك لە تاوانە قێزەونەكانی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە دادەنرێت.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل