ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا باسی ئەوەی كرد كە لە كاتێكی پێشتری ئەمساڵ لە رێگەی كوردەكان چەكیان بۆ خۆپێشاندەرانی ئێران رەوانە كردووە و ئەوان چەكەكانیان بۆخۆیان بردووە، بەرپرسێكی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ئەو قسانەی ترەمپ رەت دەكاتەوە.
كەریم پەروێزی بەرپرسێكی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران گوتی، حزبی دیموكرات هیچ پارەچە چەكێكی لە ئەمەریكا پێ نەدراوە، دووپاتی كردەوە كە هیچ حزبێكی كوردی لە رۆژهەڵاتی كوردستان پاڵپشتییەكی لەو جۆرەی بەدەست نەگەیشتووە.
روونی كردەوە، لە كاتی ناڕەزایەتییەكان حزبەكانی رۆژهەڵات داوایان لە هاووڵاتییان لە ئێران نەكردووە بڕژێنە سەر شەقامەكان، تەنیا داوای كراوە یەك رۆژ مانگرتنێكی ئاشتییانە ساز بكەن، ئەو بەرپرسە رەتی كردەوە كە پاڵپشتیی سەربازییان لە ئەمەریكاوە بەدەست گەیشتبێت و گوتی، هیچ گولەیەكمان لە ئەمەریكا بەدەست نەگەیشتووە، بەپێی زانیارییەكانیشمان هیچ حزبێكی تری ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەكاتی خۆپێشاندانەكان پاڵپشتی لەو شێوەی نەكراوە، هیچ زانیارییەكمان پێچەوانەی ئەوە بۆ نەهاتووە.
هەینی رابردوو خەلیل نادری گوتەبیچژ بەناوی حزبی ئازادیی كوردستان دووپاتی كردەوە كە حزبەكانی رۆژهەڵات كە لە هەرێمی كوردستانن، هیچ جموجۆڵێكی سەربازی لە دژی ئێران ئەنجام نادەن، لەوكاتەی نیوچەرۆژانە هێرش دەكرێتە سەر بارەگەكانیان.