هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران بەردەوامە، هاوكات شەڕی ئەمەریكا و میلیشیاكانی سەر بە ئێران لەناو خاكی عێراق درێژەی هەیە، سەرچاوەیەكی تەناهی ئاماژەی كرد كە ئەمڕۆ دوو گورزی ئاسمانی لە بارەگەیەكی حەشدی شەعبی لە شارەدێی سینییە لە شارۆكەی بێجی لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین وەشێنراوە.
بەپێی
سەرچاوەكە، ئێوارەی ئەمڕۆ بارەگەیەكی حەشدی شەعبی لە سنووری شارەدێی سینییە سەر بە شارۆكەی بێجی لە باكوری پارێزگای سەڵاحەدین دوو گورزی ئاسمانی بەر كەوتووە و تا ئێستە لایەنی ئەنجامدەر و زیانەكان دیار نین، هێزە تەناهییەكان گەمارۆی ناوچەكەیان داوە و دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە.
ئێستە رۆژانە بۆردمانەكانی میلیشیاكان بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە، هاوكات بارەگەی میلیشیاكان، كە بەشێكن لە حەشدی شەعبی، لە لایەن درۆن و فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل دەكرێنە ئامانج، بەتایبەتی لە پارێزگاكانی نەینەوا و ئەنبار و بابل و سەڵاحەدین و كەركووك و دیالە.