دوای ئەوەی لە 2ی ئەم مانگە فڕۆكەیەكی سەربازیی ئەمەریكی لە جۆری ئێف15 لە چوارچێوەی هەڵمەتە سەربازییەكەی سەر ئێران لە ئەركدا بوو و فڕۆكەكە لەناو خاكی ئێران كەوتە خوارەوە و دوو فڕۆكەوانەكە بە زیندوویی كەوتنە سەر زەوی، ئەمڕۆ یەكشەم فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا رای گەیاند كە توانیویانە دوو فڕۆكەوانەكە رزگار بكەن.
فەرماندەییەكە لە بەیاننامەیەكدا گوتی، هێزەكانی ئەمەریكا توانیان ئەو دوو فڕۆكەوانە لە دوای كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەیان لە جۆری ئێف15 لە 2ی ئەم مانگە رزگار بكەن كە لە ئەركدا بوون، ئەوان لە دوو ئۆپراسیۆنی جیاوازی گەڕان بە سەلامەتی رزگار كران.
فەرماندەییەكە دووپاتی كردەوە كە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا بۆ لاوازكردنی تواناكانی رژێمی ئێران بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی بەسەر دەرەوەی سنوورەكانی ئێران، هێرشەكانی ئەمەریكا بەردەوام دەبن.
لەوكاتەی بارەگەی خاتەمولئەنبیای سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران رای گەیاند كە لە هەوڵەكانی سوپای ئەمەریكا بۆ گەڕان بە دوای فڕۆكەوانەكان دوو فڕۆكەی تری جۆری سی 130 و دوو هەلیكۆپتەری جۆری بلاك هۆكیان تێك شكاندووە، محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بە گاڵتەجارییەوە لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، ئەگەر ئەمەریكا سێ سەركەوتنی تری لەو جۆرە تۆمار بكات، بەتەواوەتی لەناو دەچێت، وەك ئاماژەیەك بۆ شكستهێنانی پرۆسەی رزگاركردنەكە.