لە دوای دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، سەتان مووشەك بەرەو ئامانجە جیاجیاكانی ئیسرائیل لە لایەن ئێران و حزبوڵای لبنان و حوسییەكانی یەمەن هەڵدراوە، بەڵام بە بەراورد بە زۆری و چڕی هێرشەكان و ئەو دیمەنە وێرانكارییەی لە میدیاكان لەو وڵاتە پێشان دەدرێت زیانی گیانی كەمە.
بەپێی
شارەزایان ئیسرائیل یەكێك لە بەهێزترین و پێشكەوتووترین سیستمی بەرگریی ئاسمانی هەیە، لەوانە گومەزی ئاسنین و هیتریش، جیا لە تێكشكاندنی درۆن و مووشەكەكان لەسەر ئاسمانی وڵاتانی ناوچەكە بەر لە گەیشتنیان بە خاكی ئیسرائیل، بەڵام لەوە زیاتر لەناو هەر تەلارێكی نیشتەجێبوون، حەشارگەیەكی تۆكمە و زۆر پارێزراو هەیە، لە ساڵی 1992 كنێستی ئیسرائیل یاسایەكی دەركرد و كردیە مەرج هەموو تەلارێكی نوێی نیشتەجێبوون دەبێت شوێنێكی زۆر پارێزراوی هەبێت.
بۆیە ئێستە لە زۆرێك لە تەلارەكان ژمارەیەك ژووری پارێزراوی تیادایە لە هەموو نهۆمەكان، نزیكەی لە هەموو شوقەیەك ژوورێكی كۆنكرێتی تیادایە و دەرگایەكی پۆلایین و پەنجەرەیەكی پارێزراوی هەیە، وەك حەشارگەیەكی بچووك لەناو هەر ماڵێك، هەرچی تەلارە كۆنەكانە كە ئەو ژوورانەیان تیادا نییە، حەشارگەی هاوبەشیان لەژێر زەویدا هەیە، جیا لە بوونی حەشارگەی گشتی لە شەقام و كۆڵانەكان و رێنوێنی روونی تیادایە و پێویستییەكانی مانەوەی لە كاتی پێویستی بۆ دابین كراوە.
لە كاتی ئاشكرابوونی هاتنی مووشەك، سەرەتا ئاگەداركردنەوە بۆ مۆبایلەكان لە ناوچەی بەئامانجگیراو دێت، ئینجا فیكەی ئاگەداركردنەوە لێ دەدرێت، خەڵكەكەش راستەوخۆ و بەپەلە دەچنە ناو نزیكترین حەشارگە، بۆیە بابەتەكە تەنیا پێوەست نییە بە بوونی حەشارگەی كۆنكرێتی، بەڵكو بە هۆشیاری و وەڵامدانەوەی خەڵكەكە و راهاتنیانە لەسەر خێرا جێبەجێكردنی رێنوێنییەكان.