ئێران هەڕەشەی لێدانی سەنتەرێکی داتای ئەمەریکا لە ئیمارات دەکات

:: PM:08:46:06/04/2026 ‌
ئەمڕۆ دووشەم شەشی نیسانی 2026، ئێران ڕای گەیاند کە وەک وەڵامێک بۆ بەئامانجگرتنی زانکۆیەکی تەکنەلۆجیا لە وڵاتەکەی، سەنتەرێکی داتا و زانیارییەکانی ئەمەریکا لە ئیمارات دەکاتە ئامانج، هاوکات دووپاتی کردەوە کە هێرش کراوەتە سەر دوو کۆمپانیای دروستکردنی کەشتی.

لە ڕاپۆرتێکی ئاژانسی تەسنیمدا هاتووە  كە لە میانەی جەنگی سەر ئێران، بەیانیی ئەمڕۆ بە بۆردمانێکی ئاسمانی زانکۆی شەریفی تەکنەلۆجی کرایە ئامانج، بەهۆیەوە سەنتەری پێژمێری و یەکەی چارەسەرکردنی وێنەیی (GPU)ـی سەر بە زانکۆکە زیانیان بەرکەوت، کە ژێرخانی پلاتفۆرمی ژیریی دەسکردی وڵاتەکە و هەزاران خزمەتگوزاریی تر پێکدەهێنن.

ئاژانسەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، بەڵام ئەمەریکا خۆی گەورەترین سەنتەری ژیریی دەسکردی لە دەرەوەی خاکەکەی لە تەنیشت ئێران دروست کردووە، کە پرۆژەی زەبەلاحی (ستارگەیت)ـە لە ئیمارات، بەهای پرۆژەکە لە 30 ملیار دۆلار زیاترە و بە هاوئاهەنگیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیاکانی (OpenAI)، (Oracle) و (Nvidia) دروست دەکرێت. کۆی توانای کارەبای ئەم سەنتەرەی داتا، کە بە وزەی ئەتۆمی و خۆر کار دەکات، پێنج گێگاواتە و خزمەت بە نیوەی دانیشتووانی جیهان دەکات. ئێرانیش ئەم ئامانجە ستراتیجییەی دیاری کردووە و مافی یاساییی خۆیەتی وەڵامی هەبێت.

لە لایەکی ترەوە، بەرپرسێکی پارێزگای خوزستان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمەریکا و ئیسرائیل دوو کۆمپانیای دروستکردنی کەشتییان لە شاری خوڕەمشار لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران کردووەتە ئامانج.

پێشتریش عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ڕای گەیاند، ئیسرائیلییەکان و ئەمەریکییەکان بۆردمانی زانکۆی (MIT)ـی ئێرانییان (زانکۆی شەریفی تەکنەلۆجی) کردووە، ئەم کارەش تەواوکەری هێرشەکانی ترە بۆ سەر زانکۆکانی تر.

هەر ئەمڕۆ دووشەم، ئەمەریکا و ئیسرائیل چەند بۆردمانێکیان کردە سەر کۆمەڵگەیەکی پترۆکیمیایی لە نزیک شاری شیراز لە باشووری ئێران.

دەسەڵاتە ناوخۆییەکانی ئێران باسیان لەوە کرد کە هێرشکردنە سەر کۆمەڵگە پترۆکیمیاییەکەی نزیک شیراز، دووەم هێرشە دوای ئەوەی پێشتر ئیسرائیل ڕای گەیاندبوو کە کۆمەڵگەیەکی زەبەلاحی لە شاری عەسەلویە بۆردمان کردووە.



وشە - پۆڵا مەحموود