رژێمی ئێران دوای لە سێدارەدانی گەنجان تەرمەكانیان رادەستی كەسوكاریان ناكەنەوە

:: AM:11:12:07/04/2026 ‌
بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە دەست "ئێران ئینتەرناشناڵ"، دەسەڵاتدارانی ئێران ڕەتی دەكەنەوە تەرمی گەنجێك بە ناوی ئەمیر حوسێن حاتەمی، كە یەكێك بوو لە گیراوەكانی خۆپێشاندانە جەماوەرییەكانی ئەمدواییە، ڕادەستی خێزانەكەی بكەنەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە، چوار ڕۆژ بەسەر جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانەكەیدا تێپەڕیوە كە ڕۆژی پێنجشەم دووی نیسانی 2026 ئەنجام درا.

حاتەمی تەمەنی تەنیا 18 ساڵ بوو، یەكێك بوو لە تۆمەتبارانی دۆسیەی ئاگركەوتنەوە لە بنكەی "مەحموود كاوە"ی سەربە بەسیج، لە شەقامی "نامجو" لە ڕۆژهەڵاتی تاران.

ئەم دۆسیەیە هەریەكە لە محەمەد ئەمین بێگلەری، شاهین واحید پەرست گولور، ئەبولفەزل ساڵحی سیاوەشانی و عەلی فەهیمیشی لەخۆ گرتبوو، ئەوانە هەموویان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.

سەرچاوە ئاگادارەكان بە "ئێران ئینتەرناشناڵ"یان ڕاگەیاندووە، دەسەڵاتداران ڕێگریی دەكەن لە ڕادەستكردنەوەی تەرمی ئەمیر حوسێن بە كەسوكارەكەی، بەو پاساوەی ناوەكەی لە یەكێك لە ماڵپەڕەكانی سەربە ڕێكخراوی "موجاهیدینی خەلق"دا هاتووە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار ڕوونی كردەوە، حەوت تۆمەتبار لەم دۆسیەیەدا هەبوون و هیچ كامێكیان دەستیان لە هەڵگیرسانی ئاگرەكەدا نەبووە كە ڕۆژی پێنجشەم هەشتی كانوونی دووەمی 2026، لە كاتی خۆپێشاندانەكاندا كەوتبووەوە، بەڵكو ئەوان دوای كەوتنەوەی ئاگرەكە، لەگەڵ نزیكەی 50 كەسی تردا چوونەتە ناو ئەو بنكەیەی بەسیج كە ئاگری گرتبوو.

دوای كەوتنەوەی ئاگری دووەم، زۆر بوون ئەوانەی كە توانیویانە ڕابكەن، بەڵام حەوت كەسیان لەوانە ئەمیر حوسێن، لەسەر سەربانی باڵەخانەكە گەمارۆ دراون و لەلایەن هێزەكانی "بەسیج"ەوە گیراون.

دەسەڵاتە دادوەرییەكان، ئیدیعای ئەوەیان كردووە تۆمەتبارەكان هەوڵیان داوە دەستیان بگات بە "كۆگەی چەك" و دوای گرتنیان، ڕووبەڕووی لێكۆڵینەوەی توند بوونەتەوە و گوازراونەتەوە بۆ گرتووخانەی "قزڵ حەسار" و لە بینینی ڕووبەڕووی خێزانەكانیان و هەبوونی پارێزەر بێبەش كراون.









وشە - سۆران عەزیز