باخچەلی: خۆڕاگریی گەلی ئێران سەرنجی دنیای ڕاكێشاوە و ترەمپ مایەپووچ بووە

:: PM:01:17:07/04/2026 ‌
   باخچەلی رای گەیاند، ئێمە لە وەرچەرخانێكی مێژووییداین، خۆڕاگریی گەلی ئێران سەرنجی دنیای ڕاكێشاوە".

 دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە لە كۆبوونەوەی گرووپی پەرلەمانی پارتەكەیدا رای گەیاند، 39 ڕۆژە شەڕە، ئەم شەڕەش سیستمی دنیای بەقووڵی هەژاندووە، ئێمە لە خاڵی وەرچەرخانێكی مێژوویی جیهانداین كە سیستمی بەهاكان ڕووخاوە و چیرۆكە گەورەكان مایەپووچ بوون، لەم سەردەمەدا ململانێكان ئەوە پێشان دەدەن كە كۆن مردووە و تازەش هێشتا بەتەواویی لە دایك نەبووە".

باخچەلی گوتی، ترەمپ و نەتەنیاهۆ هەڵەیەكیان كرد كە ڕاستكردنەوەی ئەستەمە، ئیدارەی ترەمپ دەبێت ڕووبەڕووی واقیعەكە ببێتەوە، سەرەڕای ئەو هەموو هێرش و گەمارۆدانە هەمەلایەنە، خۆڕاگریی گەلی ئێران سەرنجی دنیای ڕاكێشاوە.

گوتیشی، پێشبینییەكانی زۆر لە ئەكتەرە سیاسییەكانی بەتایبەتی ترەمپ پووچەڵ كردووەتەوە. لە دیدی مەهەپەوە دنیا ناوچەیەكی ململانێیە كە ململانێی دەسەڵات تێیدا سەختتر دەبێت و هاوسەنگییەكان بە خێرایی دەگۆڕن.

دەوڵەت باخچەلی باسی لەوەش كرد، لەم وێنەیەدا شوێنی توركیا بە ڕێكەوت دیاری ناكرێت، بەڵكو بەئیرادەی نەتەوەیی دیاری دەكرێت، نابێت ئەوەمان لە بیر بچێت كە توركیا لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بەدیدێكی پتەو و ئیرادەیەكی بەهێز هەیە بۆ بینینی ئایندە، ململانێكانی دەوروبەرمان پێشانی دەدەن كە پێویستە بەعەقڵ و لەسەر بنەمای ئەزموون هەڵسوكەوت بكەین.



وشە - سۆران عەزیز