ترەمپ: ئەگەر پێشکەوتن لە دانوستانەکاندا هەبێت ڕەنگە مۆڵەتەکەی ئێران درێژ بکەمەوە

:: PM:08:05:07/04/2026 ‌
ئەمڕۆ سێشەم حەوتی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، دووپاتی کردەوە کە ڕەنگە ئەو مۆڵەتەی بە ئێران دراوە درێژی بکاتەوە، ئەوەش لە حاڵەتێکدا ئەگەر دانوستانەکان پێشکەوتنیان بەخۆوە بینی.

لێدوانەکەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە کۆشکی سپی ڕای گەیاند، تەنیا سەرۆکی ئەمەریکا دەزانێت دۆخەکە بە کوێ گەیشتووە و دوای تەواوبوونی مۆڵەتەکەی ئێران چی دەکات.

کارۆلین لیڤات گوتەبێژی کۆشکی سپی لە لێدوانێکدا  ڕای گەیاند، ڕژێمی ئێران تەنیا تا سەعات هەشتی ئێوارە بە کاتی واشنتنـی لەبەردەستدایە بۆ قۆستنەوەی دەرفەتەکە و گەیشتن بە ڕێککەوتن.

لەلای خۆیەوە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکییەوە گواستییەوە کە بەدڵنیاییەوە گفتوگۆ لەسەر ئاگربەست هەیە، ڕوونیشی کردەوە کە دوایین پێشنیازی ئێران بەتەواوی ئەوە نەبوو کە دەمانویست، بەڵام زۆر باشتر بوو لەوەی پێشبینیمان دەکرد.

پێشتریش هەر ئەمڕۆ سێشەم، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی ئاشکرای کرد کە ئێران پێوەندییە دیپلۆماسییە ڕاستەوخۆکانی لەگەڵ ئەمەریکا پچڕاندووە، ئەوەش وەک هەنگاوێکی هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان هەردوو لایەن دێت.

ڕۆژنامە ئەمەریکییەکە لە زاری چەند بەرپرسێکەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە بڕیارەکەی ئێران لە وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بووە بۆ لەناو بردنی (شارستانییەتی ئێرانی)، ئاماژەیان بەوەش کرد کە ئەم هەنگاوە هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن پێش کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتەی ترەمپ دیاری کردووە سڕ کردووە، بەڵام بەتەواوی کۆتایی بە گفتوگۆکان نەهێناوە.

بەپێی ڕۆژنامەکە، سەرەڕای هەڵپەساردنی کەناڵە ڕاستەوخۆکان، هێشتا پێوەندی لە نێوان هەردوو لایەندا لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەردەوامە، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ گەیشتن بە ئاگربەست.

لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری چەند بەرپرسێکی ئێرانییەوە بڵاوی کردەوە کە تاران هەوڵەکانی دانوستانی لەگەڵ واشنتن ڕاگرتووە، و پاکستانی ئاگادار کردووەتەوە کە بەشداری لەو گفتوگۆیانەدا ناکات کە ئێستە بەڕێوە دەچن.



وشە - پۆڵا مەحموود