ئەمڕۆ خانووێك لە ناوچەی خۆر زوبێری پارێزگای بەسرە بە مووشەك كرایە ئامانج و بەو هۆیەوە پێنج كەس، كە لەناو خانووەكەدا بوون كوژران، سەرچاوەیەكی تەناهی ئاماژەی كرد كە مووشەكەكە ئەمەریكی بووە و لە كوێتەوە هەڵدراوە و كۆبوونەوەیەكی میلیشیاكانی كردووەتە ئامانج.
بەپێی سەرچاوەكە مووشەكەكە لە خاكی كوێتەوە بەرەو ئەو خانووە هەڵدراوە، كە تایبەت بووە بە گرووپێكی چەكداری و مەبەست لە بۆردمانەكە كردنەئامانجی كۆبوونەوەیەكی ئەو گرووپە بووە، كە بەهۆی بۆردمانەكەوە تەواوی ئەوانەی لە خانووەكەدا بوونە، كە پێنج كەسن، كوژراون.
بەپێی سەرچاوەیەكی تەناهی، ئێوارەی ئەمڕۆ لە ئەگەری سازكردنی گردبوونەوەیەكی جەماوەری لەبەردەم باڵوێزخانەی كوێت لە بەسرە، وەك ناڕەزایەتی بەرانبەر بە رووداوەكە، هێزە تەناهییەكان لە دەوروبەری كونسوڵگەكە بڵاو بوونەتەوە بۆ پاراستنی، ئەوان رێگەكانی دەوروبەری كونسوڵگەكەیان داخستووە.
لای خۆیەوە فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای بەسرە رای گەیاند كە بەهۆی بۆردمانە مووشەكییەكەوە لە سەفوان، سێ هاووڵاتیی كوژراون، مووشەكێك كەوتووەتە سەر خانووەكەیان، خانووەكە بە تەواوەتی رووخاوە.