شەوی رابردوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوەیەكی ساز كرد، سەرچاوەیەك ئاماژەی كرد كە بەهۆی هەڵوێستیان بەرانبەر بە میلیشیاكانەوە، كۆبوونەوەكە بە دابەشبوونی هێزەكانی چوارچێوەكە بۆ سێ بەش كۆتایی هات.
سەرچاوەكە گوتی، شەوی رابردوو هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ئامادەبوونی تەواوی سەركردەكانی، لەوانە نووری مالیكی، بۆ ماوەی چەند سەعاتێك كۆ بوونەوە، تاوتوێی چەند بابەتێكیان كرد، لەوانە پابەندبوون بە سازكردنی دانیشتنی هەفتەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و رێككەوتن لەسەر پاڵپشتیكردنی كاندیدی هاوبەشی كورد بۆ پۆستەكە.
بەپێی سەرچاوەكە ئەوان باسی بابەتی گۆڕینی كاندیدی شیعەیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران نەكردووە، بەڵام باسی پەرەسەندنەكانی شەڕی ناوچەكە و كاریگەرییان لەسەر عێراق كرد، ئاماژەیان بە پێویستی دانی تێوەگلاوان لە هێرشەكان بۆ دادگا بە جیاوازی هێز و حزبەكانیان كرد.
سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە كە ئێستە هێزەكانی چوارچێوە بەهۆی میلیشیاكانەوە بەسەر سێ باڵ دابەش بوونە، سەركردەكانی چوارچێوە بە پێویستیان زانی لێپرسینەوە لە تێوەگلاوان یان ئەوانەی بەهۆی ئەنجامدانی هێرشەكانەوە دەگیرێن بۆ داگا و نابێت پارێزبەندی سیاسییان هەبێت.
بەشدارانی كۆبوونەوەكە تاوتوێی ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەیان كرد كە لیژنەیەكی سێقۆڵی بە سەرۆكایەتیی هادی عامری ئەمینداری گشتیی رێكخراوی بەدر بۆ رێگرتن لە كردنەئامانجی نێردە دیپلۆماسییەكان و هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق پێك هاتووە، بۆ رێگرتن لە راكێشانی عێراق بۆ ناو شەڕ.