سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، داوای لە دادگاكان كرد كە لەسێدارەدانی نەیارانی سیاسیی ئێران خێراتر بكەن.
ئاژانسی هەواڵی میزان سەربە دەسەڵاتی دادوەری ئێران، لە زاری غوڵام حوسێن موحسینی ئێژەیی بڵاوی كردەوە، پێویستە دۆسیەكانی ئەو كەسانەی كە هاوكاریی نەیارانی ئێران دەكەن، خێراتر بكرێن و داوای خێرا دەركردنی حوكمی لەسێدارەدان یان دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانیانی كرد.
لە سەرەتای دەستپێكردنی هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە مانگی ڕابردووەوە، هێزە تەناهییەكانی ئێران سەتان كەسیان بە تۆمەتی هاوكاریكردنی نەیاران، بۆ نموونە هاوبەشیكردنی ڤیدیۆی هەستیار لەگەڵ كەناڵە بیانییەكانی ئۆپۆزسیۆن یان دەربڕینی پشتیوانی بۆ هێرشەكانی سەر كۆماری ئیسلامی، دەستبەسەر كردووە.
لە سەردەمی موحسین ئێژەیی بڕیاری لەسێدارەدان و جێبەجێكردنی زۆر زیاتر بووە كە بەپێی بەدواداچوونی میدیایی، نموونەی لە 45 ساڵی حكوومەتی كۆماری ئیسلامیدا نەبووە.