لیندزی گراهام: نابێت تاران وەك "براوەی جەنگ" مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت

:: AM:09:41:08/04/2026 ‌
لیندزی گراهام، هێڵە سوورەكانی خۆی بۆ هەر رێككەوتنێكی داهاتوو لەگەڵ ئێران ئاشكرا كرد و دووپاتی لەوە كردەوە، نابێت تاران وەك "براوەی جەنگ" مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

ئەمڕٍۆ چوارشەم هەشتی نیسانی 2026، لیندزی گراهام سیناتۆری دیاری كۆمارییەكان لە پەیامێكدا ئاماژەی بەوە كرد، هەرچەندە ئەویش وەك هەمووان هیوای وایە سەردەمی ئێران لە رێگەی دیپلۆماسییەوە كۆتایی بێت، بەڵام پێویستە دنیا لە بیر نەكات كە ئێران گەرووی هورمزی داخست و ئازادیی كەشتیوانیی تێكدا.

 دووپاتی كردەوە، "پێویستە رێگریی بكرێت لەوەی ئێران پاداشت بكرێت لە بەرانبەر ئەو كارە دوژمنكارانەیەی كە دژی دنیا ئەنجامی دان."

لیندزی گراهام رای گەیاند، لە روانگەی ئەوەوە دەبێت نزیكەی 900 پاوەند (نزیكەی 408 كیلۆگرام) لەو یۆرانیۆمەی كە ئێران بە ئاستێكی بەرز پیتاندوویەتی، لە ژێر كۆنترۆڵی ئەمەریكادا بێت و لە ناو خاكی ئێران دەربكرێت.

 گراهام ئەمەی بە "مۆدێلی لیبیا" ناوزەند كرد كە ئاماژەیە بۆ داماڵینی تەواوەتیی وڵات لە توانای ئەتۆمی، تا رێگریی بكرێت لەوەی ئێران لە داهاتوودا بۆمبی ئەتۆمی دروست بكات یان بگەڕێتەوە سەر چالاكییە ئەتۆمییەكانی.

لەبارەی پێشنیازە 10 خاڵییەكەی ئێران كە ترەمپ باسی كردبوو، گراهام گوتی: "چاوەڕێی ئەوە دەكەم لە كاتێكی گونجاودا پێداچوونەوە بەو پێشنیازانەدا بكەم، بەڵام مەرجێكی تریشی بۆ حكوومەتی وڵاتەكەی دانا و داوای كرد كە دەبێت هەر رێككەوتنێك لەگەڵ تاران بكرێت، رەوانەی كۆنگرێسی ئەمەریكا بكرێت بۆ دەنگدان، هاوشێوەی ئەوەی لە سەردەمی ئۆباما لەگەڵ رێككەوتنی (JCPOA) ئەنجام درا.



وشە - سۆران عەزیز