باڵوێزخانەی ئەمەریكا لەبارەی دۆخی عێراق وریایی دەدات

:: PM:07:04:08/04/2026 ‌

بە درێژایی ماوەی بەڕێوەچوونی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران كە لە 28ی شوباتی رابردوو دەستی پێ كرد، باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا و كونسوڵگەكەی لە هەولێر لە لایەن میلیشیاكانەوە هێرشیان كراوەتە سەر، باڵوێزخانەكە بە بەردەوام هاووڵاتییانی ئەمەریكی لە ناو عێراق و لە دەرەوەش لە خراپیی دۆخی عێراق بەهۆی هێرشی میلیشیاكانەوە وریا كردووەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم جارێكی تر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق داوای لە هاووڵاتییانی ئەمەریكی كرد گەشت بۆ عێراق نەكەن، ئەوەش بەهۆی هێرشی میلیشیاكانەوە، باڵوێزخانەكە لە بەیاننامەیەكدا گوتی، لە 8ی نیسان، چەند هێرشێك بە درۆن كراوەتە سەر ناوەندی پاڵپشتیی دیپلۆماسی و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، ئەگەری هەیە میلیشیاكان هێرشی زیاتر بكەنە سەر هاووڵاتییانی ئەمەریكی و ئامانجەكانی پێوەندیدار بە ئەمەریكا لە تەواوی عێراق.

باڵوێزخانەكە دووپاتی كردەوە كە سەرەڕای كرانەوەی بواری ئاسمانیی عێراق و دەست پێكردنەوەی گەشتە بازرگانییەكان، رێنوێنیی هاووڵاتییانی ئەمەریكی دەكەین لە رێگەی ئاسمانییەوە بۆ عێراق گەشت نەكەن، ئەوەش بەهۆی بوونی مەترسیی مووشەك و درۆن لە بواری ئاسمانیی عێراق، هەروەها داوا لە هاووڵاتییانی ئەمەریكی لە عێراق دەكەین ئێستە رێگەی وشكانی بۆ جێهێشتنی عێراق بەكار بێنن.    

ئاشكرای كرد كە گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران نیازی كردنەئامانجی هاووڵاتییانی ئەمەریكی و دامەزراوە دیپلۆماسی و كۆمپانیا و زانكۆكان و ژێرخانی وزە و هوتێل و فڕۆكەخانەكانیان هەیە كە وای دەبینن پێوەستن بە ئەمەریكاوە، جیا لە كردنەئامانجی دامەزراوە عێراقی و مەدەنییەكان، پێشتریش هەوڵی رفاندنی هاووڵاتییانی ئەمەریكییان داوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل