کۆشکی سپی: پلانە 10 خاڵییەکەی ئێران ڕەت کرایەوە و پشتگوێ خرا

:: PM:09:02:08/04/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی نیسانی 2026، کۆشکی سپی ڕای گەیاند کە پلانە 10 خاڵییەکەی ئێران لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکاوە قبووڵ نەکراوە و پشتگوێ خراوە. کارۆلین لیڤیت گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دووپاتی کردەوە کە هێڵە سوورەکانی ترەمپ گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە.

گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوە دا، ئێران داوای ئاگربەستی کردووە و ئیتر ناتوانێت سەرکێشی بکات، هەروەها ڕوونی کردەوە کە تاران ڕازی بووە بە کردنەوەی گەرووی هورمز. لە بەشێکی تری قسەکانیدا دووپاتی کردەوە کە سوپای ئەمەریکا توانا دەریایی و ئاسمانییەکانی ئێرانی وێران کردووە و ئیتر ئێران ناتوانێت چەک بەسەر بریکارەکانی لە ناوچەکە دابەش بکات.

لیڤیت ئەوەشی خستە ڕوو کە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران ڕۆژی شەمووی داهاتوو لە پاکستان دەست پێ دەکەن، و لبنانیش بەشێک نییە لە ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران. پێشتر کۆشکی سپی ڕای گەیاندبوو کە ئەو پلانەی ئێران بۆ ئاگربەست بڵاوی کردووەتەوە، ئەو پلانە نییە کە لەگەڵ واشنتن تاوتوێ دەکرێت.

لای خۆیەوە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کردبوو کە پلانێکی لە 10 خاڵ داڕشتووە بۆ پێشکەشکردنی بە ئەمەریکا لە ڕێگەی پاکستانەوە بۆ وەستاندنی شەڕ. خاڵەکان بریتی بوون لە ڕێکخستنی هاتووچۆ لە گەرووی هورمز بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ئێران، کۆتاییهێنان بە شەڕ دژی گشت بریکارەکانی ئێران، چوونەدەرەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا لە بنکەکانی ناوچەکە، قەرەبووکردنەوەی ئێران، هەڵگرتنی گشت سزاکان و ئازادکردنی پارە سڕکراوەکان.

لە هەمان کاتدا، ئاژانسی "ئەسۆشێتد پرێس" بڵاوی کردەوە کە ئێران دەستەواژەی "قبووڵکردنی پیتاندن"ـی لە وەشانی فارسیی پلانەکەیدا داناوە، کە لە وەشانە ئینگلیزییەکاندا بوونی نییە. لە بەرانبەردا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" دووپاتی کردەوە کە هیچ جۆرە پیتاندنێکی یۆرانیۆم لە ئێراندا بوونی نابێت، و ئەمەریکا لەگەڵ ئێران هاوئاهەنگی دەکات بۆ دەرهێنان و لابردنی ئەو تۆزە ئەتۆمییەی لە قووڵایی زەویدا نێژراوە و پێشتر لەلایەن فڕۆکەکانی "بی-2"ـەوە کرابووە ئامانج.

ترەمپ ئەوەشی خستە ڕوو کە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بەردەوامن و پرسی کەمکردنەوەی باج و سزاکان دەگرێتەوە، هەروەها ئاماژەی دا کە لەسەر چەندان خاڵ ڕێککەوتوون لە کۆی 15 خاڵی پێشنیازکراو. پێشتر لە شەوی سێشەم لەسەر چوارشەم، ترەمپ ڕەزامەندیی لەسەر هەڵپەساردنی هێرش و بۆردمانەکانی سەر ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕاگەیاندبوو.


وشە - پۆڵا مەحموود