ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی نیسانی 2026، میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە کە دەنگی تەقینەوە لە چەند پارێزگایەکی ئەو وڵاتە بیستراوە، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ کاراکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە چەند شارێک، لەوانە ئەسفەهان و کرمان و ناوچەکانی دەوروبەری تاران، لە ناوەڕاستی ئەو ڕاپۆرتە ناوخۆییانەی کە باس لە بۆردمانی چەند پێگەیەک لە نزیک پایتەخت دەکەن.
ئاژانسی هەواڵی "مێهر" و چەند میدیایەکی تری ئێران ئاماژەیان بەوە داوە، سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە ئەسفەهان، کرمان، ڕوبات کەریم، پەڕەند و چەند ناوچەیەکی تری نزیک تاران کارا کراوە. هەروەها ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان باس لە بۆردمانێکی سەخت لە ئەسفەهان دەکەن، لەگەڵ بیستنی دەنگی تەقینەوە لە چەند گەڕەکێکی پایتەخت، لەوانە دەوروبەری فڕۆکەخانەی مێهرئاباد، لەویزان و چیزەر، سەرەڕای کاراکردنی بەرگریی ئاسمانی لە کەرەج و تاران.
لەلایەکی ترەوە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" دووپاتی کردەوە، "مەرجەکانی ئاگربەست لە نێوان ئێران و ئەمەریکا ڕوون و ئاشکران، ئەمەریکا دەبێت لە نێوان ئاگربەست یان بەردەوامبوونی شەڕ لە ڕێگەی ئیسرائیلەوە، یەکێکیان هەڵبژێرێت، ناتوانێت هەردووکیان پێکەوە کۆ بکاتەوە". عێراقچی زیاتر گوتی، "جیهان شایەتحاڵی ئەو کۆمەڵکوژییانەیە کە لە لبنان دەکرێن، ئێستە تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمەریکادایە و جیهانیش چاوەڕێیە بزانێت ئایا پابەندی بەڵێنەکانی دەبێت یان نا".