ئەگەری دواخستنی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار هەیە

:: PM:09:34:08/04/2026 ‌

بڕیارە شەمووی داهاتوو پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی تایبەتی بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ساز بكات، كە پێشتر 11ی ئەم مانگەی وەك دوا وادە بۆ ئەو بابەتە دیاری كردبوو، شارەزایانی پێیان وایە كە كێشەی سەرەكی نەبوونی سازان و رێككەوتنی نیوان هێزە كوردییەكان لە نێوان خۆیان و هێزە شیعەكانە، ئەوەش وا دەكات دانیشتنەكە دوا بخرێت.

موجاشع تەمیمی توێژەری سیاسی ئاماژە دەكات، تا ئێستە چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەیتوانیوە لە نێوان خۆی لەسەر بابەتی سەرۆك وەزیران رێك بكەوێت، كە ئەوە هۆكارێكی سەرەكییە بۆ پەكخستنی دانیشتنەكە و ئاڵۆزبوونی، چونكە رێككەوتنی ناوخۆیی چوارچێوەكە دەبووە مایەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار سەرەڕای ناكۆكیی پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستەكە، واتە ئێستە كێشەكە كوردی- كوردی نییە و بووەتە شیعە- شیعە، ئەوەش وا دەكات سیناریۆی سێیەكی پەكخەر بمێنێت و فەراهەمبوونی نیسابی یاسایی دانیشتنەكە پێوەست بێت بە دەستەوارەیەكی فرەوانی سیاسی.  

روونی كردەوە، پەرلەمانی عێراق ناتوانێت گوشار بخاتە سەر ئەندامان بۆ ئامادەبوون و تەواوكردنی نیساب، ئەو توێژەرە پێی وایە لە سایەی ئەو دۆخەی هەیە، جارێكی تر دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بێتە دواخستن، بەهۆی بەردەوامبوونی ناكۆكی لە نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر كاندیدی پۆستەكە و دوودڵی هەندێك لە هێزەكانی چوارچێوە لەو بارەتە، ئەوەش وا دەكات ئەگەری یەكلابوونەوەی پۆستەكە لە دانیشتنی شەموو بەهۆی نەبوونی دەستەوارەیەكی سیاسی لاواز بێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل