قالیباف: ئەمەریکا پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان بەڵێنەکانی پێشێل کردووە

:: PM:10:07:08/04/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی نیسانی 2026، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕای گەیاند، ئەمەریکا پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان لە نێوان هەردوو لا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەسەر شەڕ، بەڵێنەکانی خۆی پێشێل کردووە، و ئاماژەی بەوە دا کە ئەو ئاگربەستەی ڕاگەیەنراوە ئێستە "بێ مانایە".

قالیباف لە بەیاننامەیەکدا لەبارەی ئەوەی بە "پێشێلکردنی سێ خاڵی سەرەکی لە پلانە 10 خاڵییەکەی ئێران (چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو لا)" پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان وەسفی کرد، ڕوونی کردەوە، لە سەرەتاوە بە بێمتمانەییەوە چاودێریی ئەم ڕێڕەوەمان دەکرد، وەک چاوەڕوانیش دەکرا، ئەمەریکا جارێکی تر پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان بەڵێنەکانی خۆی پێشێل کرد.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران زیاتر گوتی، وەک چۆن سەرۆکی ئەمەریکا بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند، پلانە 10 خاڵییەکەی ئێران بە بنەما و چوارچێوەی کرداریی ئەم گفتوگۆیانە دادەنرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، تا ئێستە سێ خاڵ لەو پلانە پێشێل کراون.

قالیباف ئاماژەی بەوە دا کە ئەو سێ خاڵەی پێشێل کراون بریتین لە، پابەندنەبوون بە خاڵی یەکەمەوە کە تایبەتە بە ئاگربەست لە لبنان، کە ئەمەش ئەو پابەندبوونەیە کە شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان ئاماژەی پێ دا و بە (ئاگربەستی دەستبەجێ لە هەموو شوێنێک، لەوانە لبنان و ناوچەکانی تر) وەسفی کرد.

هەروەها دووەم خاڵ کە پێشێل کراوە بریتییە لە چوونەناوەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی "دوژمن" بۆ ناو ئاسمانی ئێران کە لە شارۆکەی لار لە پارێزگای فارس خرایە خوارەوە، ئەمەش پێشێلکارییەکی ڕوونی ئەو خاڵەیە کە ڕێگری دەکات لە هەر بەزاندنێکی نوێی ئاسمانی ئێران.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئەوەشی خستە ڕوو کە سێیەم پێشێلکاری بریتییە لە ڕەتکردنەوەی مافی ئێران لە پیتاندنی ناوەکی، کە ئەمەش لە خاڵی شەشەمی چوارچێوەکەدا هاتووە.

لە کۆتاییدا قالیباف دووپاتی کردەوە کە ئەم چوارچێوە بنەڕەتییەی دانوستانەکان پێش دەستپێکردنیان بە ئاشکرا پێشێل کراوە، و ڕای گەیاند کە ئاگربەستی دووقۆڵی یان دانوستان لەم بارودۆخەدا هیچ مانایەکیان نییە.


وشە - پۆڵا مەحموود