هاوكات لەگەڵ دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، كە لە 28ی شوباتی رابردوو دەستی پێ كرد، ئاسمانی عێراق، كە لەژێر كۆنترۆڵی تەواوی ئەمەریكایە، بووە بەشێكی شەڕەكە، جیا لە هێرشی میلیشیاكان بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق، ئەوانە وایان كرد ئاسمانی عێراق ببێتە بەشێك لە شەڕ و هێڵی ئاسمانیی عێراق گەشتەكانی وەستاند، لە دوای رێككەوتنی ئاگربەست بڕیارە لە 10ی ئەم مانگە گەشتەكان دەست پێ بكەنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم كۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراق دەست پێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی لە 10ی ئەم مانگە راگەیاند، لە چوارچێوەی پلانێك بۆ رێكخستنەوەی جموجۆڵی ئاسمانیی ناوخۆیی و دەرەكی و بواردان بە گەشتكردن لە رێگەی كەشتیگەلی ئاسمانی لە دوای هەڵپەساردنی گەشتەكان بەهۆی شەڕی ناوچەكە.
مەناف عەبدولمونعیم عاجل بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە لە بەیاننامەیەك رای گەیاند كە یەكەم هەنگاوی پلانەكە بریتییە لە دەستكردن بە گەشتی ناوخۆیی لە نێوان بەغدا و هەولێر و سلێمانی و بەسرە، هاوكات رێكخستنی چەند گەشتێكی دەرەكی بۆ ئیستەنبووڵ و قاهیرە و عەمان، بە رەچاوكردنی جموجۆڵی گەشتە ئاسمانییەكان و داواكاریی گەشتكردن.