ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی نیسانی 2026، ئاژانسی هەواڵی "فارس"ـی ئێرانی بڵاوی کردەوە کە ئێران گەرووی هورمزی داخستووە و کەشتییەکی نەوتهەڵگریشی کە هەوڵی تێپەڕبوونی داوە، گەڕاندووەتەوە. ئەمەش دوای هەڕەشەکانی پێشووی تاران هات بۆ داخستنی گەرووەکە بەهۆی پێشهاتە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لبنان.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە داوە، بەپێی داتاکانی سیستمی چاودێریی جووڵەی دەریایی، کەشتیی نەوتهەڵگری "ئۆرۆرا" کە بەرەو دەرچەی گەرووی هورمز دەڕۆیشت، لە نزیک کەناراوەکانی موسەندەم لەناکاو ئاراستەکەی گۆڕیوە و بە سووڕانەوەی 180 پلە گەڕاوەتەوە ناو قووڵایی کەنداوی عەرەبی. ڕوونیشی کردووەتەوە کە ئەم گۆڕانکارییە لە یەکێک لە هەستیارترین خاڵەکانی ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکان ڕووی داوە، کە ناوچەی نێوان دوورگەی لارک و نیمچەدوورگەی موسەندەمە، کە بەهۆی چڕیی هاتووچۆی کەشتییەکانی گواستنەوەی وزە و پێگەی جیۆپۆلەتیکییەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
پێشتر محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕای گەیاندبوو کە ئەمەریکا پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان بەڵێنەکانی پێشێل کردووە، و دووپاتی کردەوە کە ڕێککەوتنی ئاگربەست لەم دۆخەدا هیچ مانایەکی نییە. هاوکات عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ڕای گەیاند، مەرجەکانی ئاگربەست ڕوونن و ئەمەریکا دەبێت لە نێوان ئاگربەست یان بەردەوامیی شەڕ لە ڕێگەی ئیسرائیلەوە، یەکێکیان هەڵبژێرێت و ناتوانێت هەردووکیان پێکەوە کۆ بکاتەوە.
لەلایەکی ترەوە، ئەو گرژییانە گەیشتوونەتە عێراقیش، بە جۆرێک ئەکرەم کەعبی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا هەڕەشەی گەڕانەوەی بەرەی چەکداریی دژی ئیسرائیل کرد، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بە بۆردمانەکانی سەر لبنان. هەروەها ئەبو ئالا وەلائی ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، داوای لە سەرکردایەتیی میحوەری مقاوەمە کرد کە لە وەڵامی بۆردمانی لبنان و پێشێلکردنی ئاگربەستەکە، هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل و دووپاتی کردەوە کە شەڕ کراوە دەبێت.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە بۆردمانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لبنان وای لە ئێران کرد هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز و کشانەوە لە ڕێککەوتنی ئاگربەست بکات، ئەمەش وای لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کرد کە بڵێت لبنان بەشێک نەبووە لە ڕێککەوتنەکە. پێشتر لە شەوی سێشەم، ترەمپ و عێراقچی ڕەزامەندییان لەسەر ڕێککەوتنێکی ئاگربەست بۆ ماوەی دوو هەفتە بە نێوەندگیریی پاکستان ڕاگەیاندبوو بۆ ئەوەی دانوستان بکەن و بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.