ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی نیسانی 2026، ئێران بڕیاری دا ڕێگری لە تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بە ناو گەرووی هورمزدا بکات، ئەمەش دوای چەند سەعاتێک لە ڕێگەپێدانیان بە تێپەڕبوون دێت، هۆکارەکەشی بۆ پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە گەڕاندەوە.
لە کاتێکدا بەرپرسێکی باڵای ئێران بۆ ئاژانسی "فارس"ـی ئێرانی دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی سزای ئیسرائیل دەدات، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو تاوانەی بە بۆردمانکردنی لبنان ئەنجامی داوە.
لای خۆیەوە، ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل نزیکەی 100 هێرشی لە ناو خاکی لبنان ئەنجام دا بۆ سەر چەند ئامانجێک کە ڕای گەیاندووە ئامانجی سەربازی و ژێرخانی سەربە حزبوڵان.
بەپێی ئامارێکی سەرەتایی وەزارەتی تەندروستیی لبنان، ئەو هێرشانە بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 80 کەس و برینداربوونی نزیکەی 900 کەسی تر.