كەجەكە بەبۆنەی مردنی یاڵچین كوچەكەوە بەیاننامەیەكی هاوخەمی بڵاو كردەوە، لەدەستدانی یاڵچینی بە خەسارێكی گەورە بۆ پەكەكە و ئۆجەلان وەسف كردووە.
مردنی یاڵچین بۆ ئاپۆچییەكان خەمێكی قووڵە، چونكە ماوەیەكی درێژ لە ژێر كاریگەریی بیری ئەودا بوون و ئەویش برایەتیی گەلان و تێكەڵكردنی كوردی بە تورك خستە مێشكی ئۆجەلانەوە.
كەجەكە هاوخەمیی قووڵی خۆی بۆ كۆچی دوایی یاڵچین كوچوك، پیاوی دەوڵەتی قووڵی توركیا و مامۆستای ئۆجەلان دەربڕی و وتی: "یاڵچین بە ئاپۆی دەگوت برای من.
شایانی بیرهێنانەوەیە كە یاڵچین كوچوك وەك ئەندامی ئەرگەنەكۆن و پیاوی هەواڵگری و دەوڵەتی قووڵی توركیا دادەنرێت. كوچوك مامۆستای ئایدیۆلۆجیی عەبدوڵا ئۆجەلان و پەكەكە بوو، هەموو تەمەنی خۆی بۆ دژایەتیكردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی كورد و بزووتنەوەی بارزانی تەرخان كرد.
یاڵچین كوچوك كە ماوەیەكی زۆر بوو تووشی كێشەی تەندروستی هاتبوو و چارەسەری پزیشكیی وەردەگرت، پاش نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەم 6/4/2026 لە تەمەنی 87 ساڵیدا لە ئەنكەرە كۆچی دوایی كرد.
یاڵچین كوچوك لێكۆڵەر و ئەكادیمیست كە یەكێكە لە كەسایەتییە دیارەكانی چەپ لە توركیا، ساڵی 1938 لە ئیسكەندەرون لە دایك بووە. لەو ساڵانەی كە لە فاكەڵتی زانستە سیاسییەكانی زانكۆی ئەنكەرەدا قوتابی بوو، وەك سەرۆكی فیدراسیۆنی یانەكانی بیرمەندان و پاشان فیدراسیۆنی یانەكانی بیرمەندانی سۆسیالیستی (Dev-Genç) و پارتی ڕزگاریخوازی گەلی توركیا كاری كردووە.
یاڵچین كوچوك بە مامۆستای ئایدیۆلۆجیی ئۆجەلان و پەكەكە ناسراوە. ئەو لە ددانپێدانانەكانی لە دادگاییكردنی ئەرگەنەكۆندا، باسی هەندێك لە نهێنییەكانی پەكەكە و عەبدوڵا ئۆجەلانی ڕێبەری پەكەكە كردووە.
"زۆر بە ئاشكرا ئەمە دەڵێم، عەبدوڵا ئۆجەلان كوردی توركیایە، سەرۆكایەتیی بارزانی قبووڵ ناكات".
هاوكات دەبێژێت: لە یەكەم ئاخاوتنمدا لەگەڵ ئۆجەلان، پێم گوت: تا چەند كەمال پاشا (ئەتاتورك)ت خۆش دەوێت؟ ڕاستییەكەی زۆر بە پیرۆزی دەزانێت و زۆر بەستراوەیە بە توركیا. ئەوەی من بە تیۆری دەیڵێم ئەوەیە، كوردەكانی توركیا كەمالیستن و بوونەتە كەمالیست”.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا یاڵچین دەڵێت: من ئەركی خۆمم بەتەواوی بەجێ گەیاند، ئیتر ڕۆشنبیرانی كورد بوونەتە دوژمنی بارزانی و سەربەخۆبوونی كوردستان.
لە بەردەم دادگای توركیا یاڵچین دەڵێت، من دژی بارزانیبوونی كوردەكانی توركیا بووم، دژی پێڕەوكردنی ڕێبازی بارزانی بووم، دژی ئەوەبووم كوردەكانی دانیشتووی توركیا شوێن بارزانی بكەون، ئەگەرنا ئەوانیش داوای خاكیان دەكرد. لە ئایندەیەكی نزیك لە پێناو توركیایەكی دیموكراتیكدا تێدەكۆشن و دەمرن، ئایا ئەمە خەونی هەموومان نەبوو؟