قائانی هەڕەشە لە ئیسرائیل دەكات

:: AM:11:57:09/04/2026 ‌
ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەق قودسی سوپای پاسداران، پەیامێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هەڕەشە لە ئیسرائیل دەكات، بە هۆی ئەو  هێرشانەی بۆ سەر حزبوڵا ئەنجامیان دەدات.

ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی نیسان، ئیسماعیل قائانی جارێكی تر پەیامێكی بڵاو كردەوە. قائانی لە ماوەی شەڕی وڵاتەكەی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریكا، هیچ كاتێك دەرنەكەوتووە، ئەمەیش مشتومڕێكی زۆری لە میدیاكانی دنیا لەسەر چارەنووسی ئەو دروست كردووە.

لە پەیامەكەی ئەمڕۆیدا قائانی، نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بە "تاوانبار و منداڵكوژ" وەسف دەكات، بە هۆی ئەو هێرشانەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵا ئەنجامیان دەدات. قائانی دەڵێ‌، "دوژمن بزانێ سزایەكی توند و شەرمەزاركەر چاوەڕوانی دەكات".

هەرچەندە ئاگربەست لە نێوان ئەمەریكا و ئێران راگەیەنراوە، بەڵام ئیسرائیل دووپاتی دەكاتەوە كە سوپاكەی هێرشەكانی بۆ سەر میلیشیای حزبوڵا راناگرێت.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل