میلیشیاكانی عێراق تاوتوێی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل دەكەن

:: PM:06:25:09/04/2026 ‌

بە درێژایی شەڕی 40 رۆژەی ئەمەریكا و ئیسرائیل و ئێران، تاران میلیشیاكانی بۆ گوشاركردنە سەر ئەمەریكا و ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداو و عەرەبی بەكار دەهێنا، ئەوان لەگەڵ ئاگربەستە كاتییەكە شەڕ و بۆردمانەكانیان وەستاند، ئیسرائیل لە هێرشەكانی بۆ سەر حزبوڵا نەوەستاوە، میلیشیاكان تاوتوێی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل دەكەن.

سەرچاوەیەكی نزیك لە میلیشیاكانی عێراق باسی ئەوەی كرد كە رەنگە لە ماوەی 72 سەعاتی داهاتوو لە وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لبنان هەڵوێست رابگەیەنن، بەپێی سەرچاوەكە، میلیشیاكانی عێراقی لە نزیكەوە چاودێریی رووداوەكانی لبنان دەكەن، كە لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوو دووچاری زنجیرەیەك هێرشی بەهێزی ئیسرائیل هاتەوە و سەتان كوژراو و برینداریان لێ كەوتووەتەوە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەوەی روو دەكات پێشێلكردنی ئاگربەستە كاتییەكەیە، بۆیە ئەگەری هەیە گرووپە چەكدارە عێراقییەكان لە ماوەی 72 سەعاتی داهاتوو لە دوای گفتوگۆ و راوێژكارییەكی چڕ لە سەعاتەكانی رابردوو لەبارەی هەنگاوەكانی داهاتوویان ئەنجامیان داوە، بەتایبەتی ئەگەر هێرشەكانی ئیسرائیل بەردەوام بن، هەڵوێستی خۆیان رابگەیەنن.  

دووپاتی كردەوە كە تەواوی گرووپە چەكدارەكان لە ئامادەسازیدان و دەستیان لەسەر تفەنگەكانیانە و هەر بڕیارێك بدرێت لە سەكۆكانی ئەو گرووپانە دێتە راگەیاند، بۆیە دەست پێكردنەوەی شەڕ پێوەستە بە پەرەسەندنەكان چەند سەعاتی داهاتوو و هەموو بژارەكانیش كراوەن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل