ئەمڕۆ هەینی 10ی نیسانی 2026، ماڵپەڕی "زە ئینتەرسێپت"ی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە کە ڕەخنەکان لە ناوخۆی ئەمەریکادا دژی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕوویان لە زیادبوون کردووە. لە ڕاپۆرتەکەدا، نەتەنیاهۆ بەوە تۆمەتبار کراوە کە هەوڵ دەدات ئاگربەستە لەرزۆکەکەی نێوان واشنتن و تاران شکست پێ بهێنێت و دانوستانەکانی ئێستەی ئیسلام ئابادیش تێک بدات.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەو ئاگربەستەی کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ئێوارەی سێشەم ڕای گەیاند و ناوەندەکانی ئێرانیش پشتڕاستیان کردەوە، لە ئێستەدا بەهۆی هەڵوێستەکانی نەتەنیاهۆوە لە لێواری داڕماندایە. نەتەنیاهۆ پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئاگربەستەکە تەنیا وەک ڕێکخستنێکی کاتی نیشان بدات و دەڵێت، "ئامانجە سەربازییەکانی ئیسرائیل هێشتا ماون و نەهاتوونەتە دی".
ڕاپۆرتەکە ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە نەتەنیاهۆ لە ڕێی لێدوان و گوتارە سیاسییەکانیەوە، بەردەوام ئاماژە بەوە دەکات کە ململانێکان کۆتاییان نەهاتووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا بەدوای دەرچەیەکی ئارامدا دەگەڕێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی کراوە لەگەڵ ئێراندا. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جارێکی تر خۆی لە "ڕۆڵە ناسراوەکەیدا" بینیوەتەوە وەک ئەو لایەنەی دژی هەر ڕێڕەوێکی ئارامکردنەوەیە لە نێوان واشنتن و تاراندا، تەنانەت ئەگەر ئەو ئارامکردنەوەیەش بەرژەوەندییەکی ستراتیجیی ئەمەریکا بێت.
ئەم ڕەخنانە لە کاتێکدان کە گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامن، ئەوەش دوای چەند هەفتەیەک لە لێدانی یەکتر لە نێوان ئێران و ئیسرائیل بە بەشداریی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئەمەریکا. لەگەڵ هەڵگیرسانی چەند بەرەیەکی جیاواز، بەتایبەتی لە کوردستانی عێراق، ئەمەریکا هەوڵ دەدات ئاگربەستێک جێگیر بکات کە ڕێگری بکات لە فراوانبوونی ڕووبەڕووبوونەوەکان، لە کاتێکدا تەلئەبیب پێی وایە هەر ئاگربەستێک دەرفەتێک بە ئێران دەدات بۆ ئەوەی دووبارە ڕیزەکانی خۆی ڕێک بخاتەوە.