سەرۆكی پەرلەمانی عێراق داوا لە پەرلەمانتاران دەكات سبەی شەموو لە دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ئامادە بن و دەشڵێ، "هەر پەرلەمانتارێك ئامادە نەبێت ناوی خۆی و فراكسیۆنەكەی بڵاو دەكەینەوە".
ئەمڕۆ هەینی 10ی نیسان هەیبەت حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان داوای لە پەرلەمانتاران كردووە لە دانیشتنی سبەی شەموو كە تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ئامادە بن و هەر پەرلەمانتارێكیش ئامادە نەبێت ئەوا ناوی خۆی و فراكسیۆنەكەی بۆ رای گشتی بڵاو دەكرێتەوە.
زۆرێك لە لایەنە سیاسییەكانی عێراق دووپاتی دەكەنەوە تا ئێستە رێككەوتن لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی نەكراوە، چونكە بەگوێرەی دەستووری عێراق دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، سەرۆكی نوێ كاندیدی گەورەترین فراكسیۆن بۆ پێكهێنانی حكوومەت رادەسپێرێت.
ئەمڕۆ سەرۆك مەسعوود بارزانی لە تۆڕی ئێكس پەیامێكی لەسەر بابەتی پۆستی سەرۆك كۆمار بڵاوكردەوە و گوتی، "پێداگرتنی هەندێک لایەنی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەسەر بەردەوامبوون لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، کە هاوکات هەندێکی تر بەردەوامن لە دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران، جێگەی قبوڵکردن نییە. جەخت دەکەینەوە کە هیچ بەرکەوتە و ئیستحقاقێکی دەستووری یەکلا ناکرێتەوە تا ئەو پرسە هاوکات چارەسەر نەکرێت، بە شێوەیەک کە هەموو لایەنەکان لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران ئامادە بن"