بكوژەكەی د. قاسملۆ ئەندامانی شاندی دانوستانكاری ئێرانە لە پاكستان

:: PM:12:00:11/04/2026 ‌
یەكێك لە ئەندامانی شاندی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەمەریكا لە پاكستان، بكوژەكەی د. قاسملۆیە.

شاندێكی باڵای ئێران بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریكا گەیشتنە ئیسلام ئابادی پایتەختی  پاكستان، شاندەكەی ئێران ژمارەیان زۆرە و چەندان كەسی جۆراوجۆری تێدایە.

بەپێی لیستی ناوەكان، محەمەد جەعفەری سەحرارودی تێدایە كە بكوژی رێبەری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانە.

راگەیاندنی فەرمیی ئێران وێنەی ئەندامانی شاندەكەی بڵاو كردووەتەوە، سەحرارودی یەكێكە لە ئەندامانی شاندەكەی ئێران.

د. عەبدولڕەحمان قاسملۆ لە‌ 1930.12.22‌ لە ‌ورمێ‌ لە دایك بووە. خوێندنی‌ سەرەتایی‌ ‌و ناوەندی‌ سەرەتا لە ورمێ‌ ‌و دواتر لە تاران تەواو كرد.

"عەبدولڕەحمان قاسملۆ" ساڵی‌ 1945 تێكۆشانی‌ ڕامیاری‌ خۆی‌ بە دامەزراندنی‌ یەكێتیی‌ لاوانی‌ دێموكرات دەست پێ كرد. 

قاسملۆ بۆ خوێندن بەرەو تاران دەڕوات. ساڵی‌ 1948 بۆ درێژەپێدانی‌ خوێندن بەرەو پاریس دەڕوات. ساڵی‌ 1962 لە زانكۆی‌ پڕاگ دكتۆرای‌ لە زانستی‌ ئابووریدا وەرگرت ‌و هەتا ساڵی‌ 1970 لە زانكۆی پڕاگ وانەی دەگوتەوە. 

قاسملۆ یەكێك لەدیارترین و خوێنەوارترین كەسانی ناو تێكۆشانی كوردانی رۆژهەڵات بوو،  بۆیە بەزووی بووە سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران. 

ساڵی 1989 بۆ گفتوگۆ لەگەڵ شاندێكی كۆماری ئیسلامی لە ڤیەننا كۆبوونەوە، بەدەستی ئەو گرووپەی بۆ گفتوگۆ چووبوون لەگەڵ دوو لە هاوڕێیانی شەهید كران.

هەر زوو دەركەوت یەكێك لە بكوژانی قاسملۆ محەمەد جەعفەری سوحرارودی بووە، ئەگەرچی نەمسا بڕیاری گرتنی دا، بەڵام توانی خۆی بگەیەنێتەوە ئێران. لەوكاتەوە تا ئێستە لەناو رژێمی ئێران چەندان پۆستی وەرگرتووە و ئەمڕۆش بەشداریی گفتوگۆكانە لەگەڵ ئەمەریكا.



وشە - سۆران عەزیز