ئەمڕۆ یەکشەم 12ی نیسانی 2026، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، هێرشی توندی کردە سەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و بە پاڵپشتیکردنی ئێران و "کۆمەڵکوژکردنی کوردەکان" تۆمەتباری کرد، هەروەها دووپاتی کردەوە کە تەلئەبیب لە شەڕی دژی تاران پاشەکشە ناکات.
نەتەنیاهۆ لە پەیامەکەیدا ڕای گەیاند کە لەژێر سەرکردایەتیی ئەودا، ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران ناوەستێت. ئەو دەسەڵاتی تارانی بە "ڕژێمێکی تیرۆریستی" ناو برد و ئاماژەی بەوە دا کە تا ئەو کاتەی کۆتایی بە هەڕەشەکانیان و بریکارەکانیان لە ناوچەکە دەهێنن، لە شەڕ بەردەوام دەبن.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕەخنەی توندی لە هەڵوێستەکانی ئەردۆغان گرت و گوتی، بەپێچەوانەی ئەردۆغان کە پشتیوانی لە ڕژێمی ئێران دەکات، ئێمە دژیان دەوەستینەوە. ئەمەش وەک وەڵامێک بوو بۆ لێدوانەکانی ئەنقەرە کە زۆرجار ڕەخنە لە هێرشەکانی ئیسرائیل دەگرێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، نەتەنیاهۆ تۆمەتێکی قورسی ئاراستەی سەرۆک کۆماری تورکیا کرد و ڕای گەیاند کە ئەردۆغان مافی ئەوەی نییە ڕەخنە لە ئیسرائیل بگرێت. نەتەنیاهۆ نووسیویەتی، "ئەردۆغان نەک هەر پاڵپشتیی تاران دەکات، بگرە کۆمەڵکوژی لە دژی هاووڵاتییە کوردەکانی خۆیشی ئەنجام دەدات." ئەم لێدوانانەش لە کاتێکدان کە گرژییەکانی نێوان تەلئەبیب و ئەنقەرە گەیشتوونەتە ئاستێکی بێپێشینە.