ئەمڕۆ یەکشەم 12ی نیسانی 2026، دوای ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پۆستی سەرۆک کۆماری بەدەست هێنا و نزار ئامێدی وەک کاندیدی ئەو حزبە دەرچوو، سەرکردەکانی یەکێتی ئەوەیان وەک "سەرکەوتن و مافی دەستووریی خۆیان" ناو برد، بەڵام مۆفەق محەمەد ڕۆژنامەنووسی نێودەوڵەتی، لە نووسینێکدا ڕەخنەی توندی لەم لێدوانانە گرت.
مۆفەق محەمەد سەرسووڕمانی خۆی لەو جۆرە لێدوانانەی بەرپرسان پێشان دا و ئاماژەی بەوە کرد کە پڕۆسەی دانانی کەسێک بۆ پۆستێکی وڵات، تەنیا پڕۆسەیەکی هەڵبژاردن و دەنگدانە نەک "سەرکەوتن یان ماف"، چونکە سەرکەوتنی ڕاستەقینە و مافی بنەڕەتی کاتێک دێتە دی کە داواکارییەکانی گەل جێبەجێ بکرێن.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ئەو ڕۆژنامەنووسە دووپاتی کردەوە کە دەستوور و یاسا دەبێت بۆ لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران و ئەو کەسانە پێڕەو بکرێت کە تێوەگلاون لە کوشتنی کەسانی بێتاوان لە کوردستان و ناوچەکانی تری عێراق، نەک تەنیا بۆ بەرژەوەندیی سیاسی و دابەشکردنی پۆستەکان بەکار بهێنرێت.
مۆفەق محەمەد پێی وایە کە بەکارهێنانی ئەو ناو و دەستەواژانە هیچ مانایەکی نییە لە وڵاتێکدا کە بە خراپترین دۆخیدا تێدەپەڕێت و بەدەست نەبوونی ئابووری، تەندروستی، پەروەردە و ژێرخانێکی گونجاوەوە دەناڵێنێت. ئەو ڕوونی کردەوە کە ئەوەی دەگوزەرێت تەنیا پشکپشکێنەیە بۆ ئەوەی هەندێک لایەن سامانی دارایی زیاتر لەوانەی پێش خۆیان کۆ بکەنەوە، دەستووریش لەبری پاراستنی خەڵک، بە زۆری بۆ فراوانکردنی بازنەی هەژموونی گەندەڵکاران پێڕەو دەکرێت.