ئێران: گەڕی سێیەم دوا دەرفەتە بۆ دانووستان

:: PM:11:17:11/04/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو 11ی نیسانی 2026، میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە کە لە سێبەری "داواکارییە زێدەڕۆکانی ئەمەریکا"، دوایین دەرفەت لە بەردەم تیمی ئێران و ئەمەریکادایە بۆ ئەوەی لەم گەڕەی دانوستانەکاندا بگەنە چوارچێوەیەکی کاری هاوبەش.

ئاژانسی "فارس" ئاماژەی بەوە داوە کە گەڕێکی نوێی دانوستانە سێقۆڵییەکان لە ئیسلام ئاباد، بە نێوەندگیریی بەرپرسانی پاکستان دەستی پێ کردووە. لە لایەکی ترەوە، تەلەڤزیۆنی ئێران لە زاری سەرچاوەیەکەوە ڕای گەیاند کە شاندی ئێران لە گەڕی سێیەمدا هەوڵ دەدات بگاتە چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ دانوستانەکان، و ئەوەشی خستە ڕوو کە ڕەنگە گەڕی سێیەم دوایین دەرفەت بێت کە شاندی ئێران بیداتە واشنتن.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو، تەلەڤزیۆنی ئێران بڵاوی کردەوە کە واشنتن و تاران دوو گەڕی دانوستانیان ئەنجام داوە و ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەنجامدانی گەڕی سێیەم. لە بەرانبەردا، بەرپرسێکی باڵای تەناهیی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە دا کە تەلئەبیب ڕەشبینە بەرانبەر بە دانوستانەکان و ڕەنگە پێش تەواوبوونی ئاگربەستە دوو هەفتەیییەکە، دەست بە شەڕ بکاتەوە.

پێشتریش لەمڕۆدا، ڕۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز" ئاشکرای کرد کە ئێران پێشنیازی بەڕێوەبردنی هاوبەشی گەرووی هورمزی ڕەت کردووەتەوە. هەروەها ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی پێشبینیی کرد کە دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد بۆ ڕۆژێکی تر درێژ بکرێنەوە بە مەبەستی بەردەوامبوون لە گفتوگۆ هونەرییەکان، و دووپاتی کردەوە کە هێشتا بابەتەکە یەکلا نەکراوەتەوە.



وشە - پۆڵا مەحموود