تاران وەک یەکەم وڵات پێشوازی لە سەرۆک کۆماری نوێی عێراق کرد

:: PM:11:24:11/04/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو 11ی نیسانی 2026، لەگەڵ دەرچوونی کاندیدەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لە ناو ئەنجوومەنی نوێنەران، تاران بەپەلە و وەک یەکەم وڵات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، پێشوازی لەو هەنگاوە کرد. لە پەیامێکی فەرمیدا، مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، پیرۆزبایی لە نزار ئامێدی کرد و هیوای خواست لە سەردەمی ئەودا، پێوەندییەکانی هەردوو وڵات گەشەی زیاتر بەخۆیانەوە ببینن.

پزیشکیان لە پەیامەکەیدا کە دوای وەرگرتنی پۆستەکە لەلایەن ئامێدییەوە بڵاو کرایەوە، ئاماژەی بەوە داوە کە هەڵبژاردنی ناوبراو، ڕەنگدانەوەی متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانە بەو کەسایەتییە. هەروەها دووپاتی کردەوە کە ئێران و عێراق خاوەنی پێوەندییەکی مێژوویی، کولتووری و ئاینین، کە ئەوەش بنەمایەکە بۆ قووڵکردنەوەی بەرژەوەندییەکان و چەسپاندنی سەقامگیری. سەرۆک کۆماری ئێران متمانەی خۆی پێشان دا کە لە ماوەی سەرۆکایەتیی ئامێدیدا و لەسەر بنەمای "ئیرادەی سیاسیی هاوبەش"، پێوەندییە ستراتیجییەکانی هەردوو وڵات قووڵتر دەبنەوە.

ئەم پێشوازییەی تاران لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ شەموو، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە زۆرینەی پێکهاتەکەی دیارە، متمانەی بە نزار ئامێدی کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەخشی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار.

لە یەکەم لێدوانیدا دوای سوێندخواردنی دەستووری، ئامێدی ڕای گەیاند کە شانازی بەو متمانەیە دەکات و ئەمانەتێکی گەورەی پێ سپێردراوە. هەروەها گوتی، "گشت ئەو هێرشانە ڕەت دەکەینەوە کە دەکرێنە سەر عێراق و ئاسایش و سەروەرییەکەی دەکەنە ئامانج، پاڵپشتی لە هەوڵەکانی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ناوچەکەدا دەکەین و کار بۆ جێگیرکردنی سەقامگیری دەکەین."



وشە - پۆڵا مەحموود