ئێران رای دەگەیەنێت لە کۆبوونەوەکانی ئیسلام ئاباددا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا و دووپات لەوە دەکاتەوە کە بەهۆی کەشی بێمتمانەیی نێوان هەردوولا، چاوەڕوانی ئەوە نەبوون بە خێرایی و لە یەک دانیشتندا بگەنە ئەنجام.
ئەمڕۆ یەکشەم 12ی نیسان، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە واشنتن لە داواکارییە زیادەکانی پاشەکشە بکات، گوتیشی کە گفتوگۆکان لە هەلومەرجێکی پڕ لە "شک و گوماندا" بەڕێوە چوون، ئەمەیش دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 40 ڕۆژ بەسەر "جەنگێکی سەپێندراو" و لە کاتێکی کەمدا دوای چوونە ناوەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست بۆ بواری جێبەجێکردنەوە.
بەقایی لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی وتی: "هەر لە سەرەتاوە نەدەبوو چاوەڕێی ئەوە بین لە یەک دانیشتندا بگەینە ڕێککەوتن و پێموانییە هیچ کەسێکیش ئەو چاوەڕوانییەی هەبووبێت"، بەڵام لە هەمان کاتدا دووپاتیشی لەوە کردەوە کە " رێگەی دیپلۆماسی هەرگیز کۆتایی نایەت".