میدیایەكی ئەمەریكا باس لەوە دەكەن، سیاسەتە سەربازییەكانی دۆناڵد ترەمپ لە دژی ئێران، پێگەی نێودەوڵەتی وڵاتەكەی لاواز كردووە.
ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە نوێترین ڕاپۆرتی شیكاریدا ئاماژە بەوە دەكات، سیاسەتە سەربازییەكانی دۆناڵد ترەمپ لە دژی ئێران، نەك تەنیا ئامانجە سەرەكییەكانی نەپێكاوە، بەڵكو بووەتە هۆی لاوازكردنی پێگەی نێودەوڵەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.
وەك لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ترەمپ بە ئامانجی لەناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمی، ڕووخانی ڕژێم و كۆتاهێنان بە هەژموونی ناوچەیی ئێران دەستی بەم جەنگە كرد، بەڵام دوای پێنج هەفتە لە شەڕی قورس، ڕژێمی تاران هێشتا لەسەر پێی خۆیەتی و بەرنامە ئەتۆمییەكەشی بە تەواوی لەناو نەچووە.
ئاماژە بەوەش كراوە، داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بێپێشینەی نرخی نەوت و شڵەژانی بازاڕە جیهانییەكان، ئەمەش وەك كارەساتێكی ئابووری بۆ ئیدارەی ترەمپ وەسف دەكرێت.
دووپاتیش لەوە كراوەتەوە بڕیارە تاكلاینییەكانی ترەمپ و كشانەوە لە ڕێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان، بووەتە هۆی ئەوەی هاوپەیمانە دێرینەكانی ئەمەریكا (وەك وڵاتانی ناتۆ) متمانەیان بە واشنتن وەك ناوبژیوانێكی ڕاستگۆ نەمێنێت.
هەروەها تێچووی جەنگەكە گەیشتووەتە دەیان ملیار دۆلار و بووەتە هۆی كوژران و برینداربوونی سەتان سەربازی ئەمەریكی و تێكشكان و خستنەخوارەوەی چەندان فڕۆكەی جەنگی پێشكەوتوو .
لە كۆتای ڕاپۆرتەكەدا ئەوە دووپات كراوەتەوە، جەنگ نەك تەنیا كێشەكانی چارەسەر نەكرد، بەڵكو ئێرانی كردە خاوەن كارتی فشاری بەهێزتر لە دانوستانەكاندا و وایكرد ئەمەریكا لە گۆڕەپانی دیپلۆماسی جیهانیدا گۆشەگیرتر و لاوازتر دەربكەوێت.
Woshyar