قالیباف: ئەمەریکا لە بەدەستهێنانی متمانەی شاندی ئێران شکستی هێنا

:: PM:12:37:12/04/2026 ‌
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە یەکەم لێدوانی فەرمیدا دوای کۆتاییهاتنی گفتوگۆکانی ئیسلام ئاباد رای گەیاند، لایەنی ئەمەریکی لەم خولەی دانوستانەکاندا نەیتوانی متمانەی شاندی ئێرانی بەدەست بهێنێت.

ئەمڕۆ یەکشەم 12ی نیسان، محەمەد باقر قالیباف لە یەکەم لێدوانیدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاوی کردەوە، پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان دووپاتی لەوە کردووەتەوە کە ئەوان نیازپاکی و ئیرادەی پێویستیان هەیە، بەڵام بەهۆی ئەزموونی دوو جەنگی رابردوو، هیچ متمانەیەکیان بە لایەنی بەرامبەر نییە.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتیشی: "لایەنی بەرانبەر لە کۆتاییدا نەیتوانی متمانەی شاندی ئێرانی لەم خولەی دانوستانەکاندا بەدەست بهێنێت." هەروەها سوپاسی هەوڵەکانی وڵاتی پاکستانی کرد لە ئاسانکاریی پڕۆسەی دانوستانەکان و سڵاوی بۆ گەلی ئەو وڵاتە نارد.

دوێنی 11ی نیسان هەردوو وڵاتی ئێران و ئەمەریکا بە نوێنەرایەتی پاکستان، کۆبوونەوەی ناراستەوخۆیان ئەنجام دا بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە جەنگ و گەیشتن بە رێککەوتن، بەڵام گەیشتن بە رێککەوتن شکستی هێنا.


وشە - پێشەنگ مەحموود