ترەمپ: ئێران خاوەنی بەڵێنی خۆی نەبوو

:: PM:04:18:12/04/2026 ‌
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێ‌، "ئێران خاوەنی بەڵێنی خۆی نەبوو نایەوێ‌ دەستبەرداری چەكی ئەتۆمی بێت و پارەی دەوێت، سوپای ئێمەیش ئامادەیە بۆ ئەوەی پاشماوەی دەسەڵاتەكەی ئێران لەناو ببات".

ئەمڕۆ یەكشەم 12ی نیسان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا پەیامێكی لە ترووس سۆشیاڵ بڵاو كردەوە و تێیدا باس لە سەرنەكەوتنی دانوستاندنی ئەمەریكا و ئێران دەكات و دەڵێ‌، "جەی دی ڤانس هەموو وردەكارییەكانی پێ راگەیاندووم".

دۆناڵد ترەمپ باس لەوە دەكات ئێران ئامادە نییە دەستبەرداری توانای ئەتۆمی خۆی بێت ئەمەیش گرنگترین داوای ئەمەریكایە، دۆناڵد ترەمپ باس لەوە دەكات هەر سێ‌ نوێنەری ئێران بەڕێز بوون، بەڵام ئامادە نیین دەستبەرداری بابەتە سەرەكییەكە بن كە پرۆگرامی ئەتۆمییە.

دۆناڵد ترەمپ دەڵێ‌، "هەرگیز نابێت ئێران چەكی ئەتۆمی هەبێت". سەبارەت بە گەرووی هورمزیش ترەمپ باس لەوە دەكات ئێران ئامادە نییە ئەو گەرووە بكاتەوە، ئەمەریكایش رازی نابێت لەوەی ئێران لە رێگەی هورمزەوە بە نایاسایی ئێران پارەی دەست بكەوێت. ترەمپ باس لەوە دەكات ئەگەر ئێستە ئابڵوقەی گرەووی هورمز دەدرێت ئەوا كاتێك دێت كە گەرووەكە بۆ هەمووان دەكرێتەوە.

ترەمپ دەڵێ‌، "ئێران چەكی ئەتۆمی و پارەی دەوێت" دواتریش دەڵێ‌، "سوپای ئێمە ئامادەیە بۆ ئەوەی پاشماوەی دەسەڵاتی ئێران لەناوببات".



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل