دوێنێ شەموو دوای رێككەوتنی ئاگربەستی 8ی ئەم مانگە، یەكەم گەڕی دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا لە ئیسلام ئابادی پایەتەختی پاكستان راستەوخۆ بەڕێوە چوو، هەردوو مەرج و هیڵی سووری یەكتریان زانی و وەك سەرۆك شاندی هەردوولا باسیان كرد دانوستانەكان شكستیان هێناوە لە گەیشتن بە رێككەوتن، شاندی ئەمەریكا گەڕایەوە وڵاتەكەی.
بەپێی میدیاكانی پاكستان شاندی ئەمەریكا لە جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا و ستیڤ ویتكۆف نێردراوی تایبەتی كۆشكی سپی و گارید كۆشنەر راوێژكار و زاوای ترەمپ و شاندی ئێران لە محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پێك هاتبوو و عاسم مونیر فەرماندەی سوپای پاكستانیش ئامادەی دانوستانەكان بووە، كە لە هوتێل سیرینا لە ناوچەی سوور لە ئیسلام ئاباد بەڕێوە دەچێت.
تۆڕی هەواڵی
"سی بی ئێس نیوز" باسی ئەوەی كرد كە شاندی ئەمەریكا بۆ دانوستانەكان بێ هیچ پێشوەچوونێك پاكستانی جێهێشت، كاتێك هەریەك لە گارید كۆشنەر و ستیڤ ویتكۆف و تیمی تەكنیكی هاوەڵی شاندەكە لە دوای دانوستانێكی 21 سەعاتی پاكستانیان جێهێشت، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا ددانی بە شكستهێنانی دانوستانەكان و نەگەیشتنیان بەهیچ رێككەوتنێك دانا.
ڤانس بەر لە گەڕانەوەی بۆ ئەمەریكا زیاتر گوتی، گفتوگۆ راستەوخۆكان بێ رێككەوتن لەسەر سازكردنی گەڕێكی تری دانوستانەكان كۆتایی هات و شاندەكەمان دەگەڕێتەوە ئەمەریكا، ئێرانییەكانی مەرجەكانی ئێمەیان قبووڵ نەكرد.
لای خۆیەوە محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران هەمان شتی راگەیاند و ئاژانسی "ئاكسیۆس"ی ئەمەریكی گوتی، ناكۆكییەكانی دانوستانەكە بریتی بووە لەوەی ئێران داوای باڵادەستی بەسەر گەرووی هورمز كردووە و رەتی كردووە دەستبەرداری ئەمباری یۆرانیۆمی پیتێنراوەكەی بێت، كە ئەمەریكا ئەوانەی رەت كردەوە، ئێستەش دیار نییە ئاخۆ هەردوولا دانوستانی تر دەكەن و چارەنووسی ئاگربەستە 14 رۆژییەكە چی دەبێت.