دوێنێ گەڕێكی دوورودرێژی دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا راستەوخۆ لە ئیسلام ئابادی پایەتەختی پاكستان بەڕێوە چوو، شاندی هەردوولا 21 سەعات دانوستانیان كرد و مەرج و هێڵی سووری یەكتریان زانی، بەڵام ئێران سوور بوو لەسەر مەرجەكانی، ئەوەش وای كرد ئەنجامەكەی بە شكستهێنان و رۆیشتنەوەی شاندی هەردوولا بۆ وڵاتەكانیان كۆتایی بێت.
پاتریك كلاوسۆن بەڕێوەبەری توێژینەوە لە پەیمانگەی واشنتن، باسی داهاتووی دانوستانەكان دەكات، پێی وایە شكستهێنان لە گەیشتن بە رێككەوتن یان درێژكردنەوەی ئاگربەستە كاتییەكە، ناوچەكە دەخاتە بەردەم چەند سیناریۆیەكی مەترسیدار، دووپاتی كردەوە كە پێشبینییەكان باش نین، دانوستانی دوایی چەند كەسایەتییەكی باڵای لە هەردوولا گرتەوە، بەڵام لە گەیشتن بە پێشوەچوون شكستی هێنا.
زیاتر گوتی، سەرەڕای گفتوگۆیەكی باش، بەڵام باسی گەڕی تری دانوستان و بەردەوامبوونی گفتوگۆكان نەكرا، ئەوەش ئاماژەیەكی زۆر نەرێنییە، هەردوولا نەیانتوانی چوارچێوەی ئاگربەستەكەش دیاری بكەن و ناكۆكییان لەسەر رێڕەوە ئاوییەكان و مەرجەكانی تێپەڕبوونی كەشتییەكان بە گەرووی هورمزدا هەبوو، جیا لە دیاریكردنی ئاخۆ ئاگربەستەكە لبنان دەگرێتەوە یان نا، لە دۆسیەی ئەتۆمی هیچ نەرمییەك نەبوو، بۆیە بۆشایی نێوانیان زۆرە.
كلاوسۆن دووپاتی كردەوە كە شوێنگرەوەی رێگەچارەی دیپلۆماسی شەڕە، بۆیە لە سایەی ئەو ئاماژانەی هەن ئەگەری گەڕانەوەی شەڕ زۆر زۆرە، دەرنەكردنی راگەیاندنێكی هاوبەشیش، واتە هەردوولا تەنانەت نەگەیشتوون بە زەوینەیەكی هاوبەش بۆ دیاریكردنی بڕگەكانی ئاگربەستی ئێستە، ئەوەش وا دەكات گومان لە بەردەوامبوونی هەبێت.