رۆژنامەی عەرەبی جەدید: هەڵبژاردنی ئامێدی تەنگژەی عێراق قووڵتر دەكاتەوە

:: PM:05:41:12/04/2026 ‌
رۆژنامەی عەرەبی جەدید:
رێككەوتنانەی بۆ هەڵبژاردنی نزار كراوە روون نییە
نزار ئامێدی لە ئەنجامی ناكۆكی قووڵی شیعە بووە سەرۆك كۆمار
هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دووبەرەكی شیعە قووڵتر دەكاتەوە
دانوستاندنی حكوومەتی عێراق زۆر سەخت دەبێت
ئامانجی سەرەكی دوورخستنەوەی مالیكی بوو


رۆژنامەی عەرەبی جەدید لە راپۆرتێكدا دەڵێ‌، "هەڵبژاردنی نزار ئامێدی وەك سەرۆك كۆماری عێراق كۆتایی بە تەنگژەی سیاسی عێراق ناهێنێ‌ و بەڵكو قووڵتری دەكاتەوە، ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات ئەو رێككەوتنانەی بۆ هەڵبژاردنی نزار كراوە روون نییە"

ئەمڕۆ یەكشەم 12ی نیسان رۆژنامەی عەرەبی جەدید لە راپۆرتێكدا پێشبینی ئەوە دەكات هەڵبژاردنی كاندیدی یەكێتی وەك سەرۆك كۆماری عێراق تەنگژەی عێراق قووڵتر بكاتەوە، بە تایبەتیش لە رۆژانی داهاتوودا لێكەوتەكانی هەڵبژاردنی كۆمار دەردەكەوێت.

لە سەرەتای راپۆرتەكە هاتووە، "بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار عێراق دەچێتە قۆناغێكی سیاسی كە زیاتر ئاڵۆزە، لەبەر ئەوەیە بەرجەستەكردنی شایستەیەكی دەستوور دەبێتە خاڵی دەسپێكی  تەنگژەیەكی نوێ سەبارەت بە سەرۆك وەزیران".

لە بەشێكی تری راپۆرتەكە هاتووە، "دوای هەڵبژاردنی نزار ئامێدی وەك سەرۆك كۆمار، ماوەیەكی دیاریكراو دەدرێتە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ ئەوەی كاندیدی خۆی بۆ پێكهێنانی حكوومەت پێشكەش بكات، بۆیە ئەمە لە بری ئەوەی هەنگاوێك بێت بۆ سەقامگیری، ئەوا ناكۆكی نێوان ناو ماڵی شیعە قووڵتر دەكاتەوە بە تایبەتی رێككەوتنێكی روون نییە لەسەر كەسایەتی سەرۆكوەزیرانی داهاتوو".

رۆژنامەكە باس لەوە دەكات كێشەی سەرەكی لەو رێككەوتنانە ئەوەیە روون نییە و دیار نییە لەسەرچی رێككەوتوون، بەڵام خاڵی سەرەكی ئەوەیە دەیانەوێ‌ نووری مالیكی كە كاندیدی راگەینراوی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە دوور بخرێتەوە و ئەمەیش كارەكە سەختتر دەكات، چونكە مالیكی بە ئامادەنەبوونی لە هەڵبژاردنی نزار ئامێدی دەری دەخات، دەیەوێ‌ ئەوپەڕی گوشار بخاتە سەر لایەكانی شیعە. 
لە راپۆرتەكە هاتووە، "بوونی رێككەوتنێكی پێشینە لەوەی جارێكی تر سوودانی بكرێتەوە سەرۆك وەزیران، ئاماژەیە بۆ ئەوەی ناكۆكییەكان لەناو هاوپەیمانی دەسەڵاتدار (ئیدارەی دەوڵەت) بەرزتر بووەتەوە".  بە بڕوای رۆژنامەی عەرەبی جەدید هەڵبژاردنی نزار ئامێدی بێ بوونی تەوافووق لەنێو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت رەنگدانەوەی بۆ سەر شیعەكانیش دەبێت.

لە دەقی راپۆرتەكە هاتووە، "هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بە دیاریكراوی كاندیدی یەكێتی مانای ئەوەیە نووری مالیكی كاندیدی گەورەترین فراكسیۆن نابێت، ئەمەیش چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ دوو بەرەی ركابەر دابەش دەكات".

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات نەبوونی رێككەوتن وایكرد هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران دەوابكەوێت، لە ئەنجامی ئەو ناكۆكییەیش سەرۆك كۆمار هاتەهەڵبژاردن، ئەمەیش جارێكی تر تەنگژەكە قووڵتر دەكاتەوە.

 سەرچاوەیەك كە ناوی ئاشكرا نەكراوە بە عەرەبی جەدیدی راگەیاندووە، "ژمارەیەك هێز پشتیان لە مالیكی كرد، ئەمەیش چانسی ئەوی لاواز كرد، بەڵام ئەو رێككەوتنانەی كە بوونەتە هۆی هەڵبژاردنی ئامێدی، تێگەیشتیان بۆ شێوەی حكوومەتی داهاتوو ئاشكرا نەكراوە". هەر هەمان سەرچاوە دەڵێ‌،" مالیكی بە هەموو قوڕسایی سیاسی خۆی هێشتا فشار دەكات، بەڵام لەوانە جووڵەكانی بێ سوود بێت و رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوو دوورخستنەوەی رابگەینرێت".

هەروەها راپۆرتەكە باس لەوەیش دەكات هەر چۆنێك بێت دانوستاندنی پێكهێنانی حكوومەت و هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران ئاسان نابێت، چونكە دوورخستنەوەی مالیكی بە مانای پێشكەشكردنی ناوی تر و داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەبێت.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل