دوای لێدوانەكانی ترەمپ هێزی دەریاوانیی ئێران هەڕەشە دەكات

:: PM:06:32:12/04/2026 ‌

دوای ئەوەی لە دانوستانەكانی دوێنێی ئیسلام ئاباد هەردوو شاندی ئێران و ئەمەریكا بە رێككەوتن نەگەیشتن، ئێستە هەردوو وڵات خەریكی هەڕەشەكردنن لە یەكتر، بەتایبەتی سەبارەت بە گەرووی هورمز، ئێران دەیەوێ باڵادەستی بەسەر گەرووەكە هەبێت و ئەمەریكاش رەتی دەكاتەوە، دوای هەڕەشەكانی ئەمڕۆی سەرۆكی ئەمەریكا، هێزی دەریاوانیی ئێران هەڕەشە دەكات.

ئەمڕۆ یەكشەم هێزی دەریاوانیی ئێران لە بەیاننامەیەكدا وەڵامی لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكای لەبارەی گەمارۆخستنە سەر گەرووی هورمز دایەوە و دووپاتی كردەوە، كە هەر هەنگاوێكی هەڵە لە گەرووەكە دوژمن دەخاتە ناو گێژاوێكی بكوژ. 

ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی كرد كە پەرەسەندنێكی گەورە لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران روو دەدات، دووپاتی كردەوە، بەمنزیكانە گەمارۆ و سزا دەخەنە سەر گەرووی هورمز، رای گەیاند، گەمارۆكە تەواوی كەشتییەكان دەگرێتەوە كە هاتوچۆ بە گەرووەكە دەكەن، یاساكە ئەوە دەبێت یان هەموو شتێك یان هیچ، بۆیە ئەمەریكا بە كردەنی دەستی بە كۆكردنەوەی هێزە دەریاوانییەكانی كردووە و كەشتیگەلێكی گەورەی سەربازی بەرەو گەرووی هورمز جموجۆڵ دەكات.

سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی كرد، دەست دەكەین بە لەناوبردنی ئەو مینە دەریاییانەی ئێران لە گەرووی هورمز چاندوویانە، هەر ئێرانییەكیش تەقە لە ئێمە یان كەشتییەكانی تر بكات، لەناوی دەبەین، لە دوای نەگەیشتن بە رێككەوتن لە دانوستانەكانی پاكستان، ئەمەریكا ئامادەیە بۆ لەناوبردنی ئێران لە ساتی گونجاودا.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل