وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە پەیامی ناڕەزایی بە عێراق دەدات و دەڵێ، قبووڵ ناكەین لە خاكی عێراقەوە هێرش بكرێتە سەر سعوودیە و وڵاتانی تری كەنداو.
ئەمڕۆ یەكشەم 12ی نیسان، وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە
راگەیەنراوێكدا ئاشكرای دەكات سعوود ساتی بریكاری وەزیری دەرەوەی سعوودیە بانگهێشتی سەفیە سوهەیل باڵوێزی عێراقی كردووە لە ریاز، پەیامی ناڕەزایی پێداوە لەسەر ئەو هێرشانەی لە عێراق لەلایەن میلیشیاكانەوە دەكرێتە سەر سعوودیە و وڵاتانی تری كەنداو.
لە راگەیەنراوەكە هاتووە، "بریكاری وەزارەتی دەرەوە پەیامی ناڕەزایی بە باڵوێزی عێراق داوە، سەركۆنە و سەرزەنشتی سعوودیەی پێ گەیاندووە بە هۆی ئەو دەستدرێژییانەی خاكی عێراقەوە دەكرێنە سەر سعوودیە و وڵاتانی تر، دووپاتی كردووەتەوە دەبێت عێراق بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دەستدرێژییانە بكات".
هەروەها دووپاتی ئەوەیش كراوەتەوە، كە شانشینی سعوودیە هەموو رێكارییەك دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی ئاسایش و بەرگری لە خاكەكەی.
لە ماوەی رابردوودا میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە عێراق، چەندان جار هێرشیان كردووەتە سەر سعوودیە و وڵاتانی كەنداو.