داوای درێژكردنەوەی ئاگربەستی كاتی دەكرێت

:: PM:07:57:12/04/2026 ‌

دوای ئەوەی هەڵمەتە سەربازییە 40 رۆژییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتی  رابردوو دەستی پێ كرد، لە 8ی ئەم مانگە ئاگربەستێكی كاتی بۆ ماوەی دوو هەفتە هاتە راگەیاندن، دوێنێ شەموو شاندی ئەمەریكا و ئێران لە ئیسلام ئاباد لە پاكستان دانوستانی راستەوخۆیان ساز كرد، بەڵام بێ ئەوەی بە ئەنجام بگەن، لە ئەگەری دەست پێكردنەوەی شەڕ، عومان داوای درێژكردنەوەی ماوەی ئاگربەستە كاتییەكە دەكات.

ئەمڕۆ یەكشەم بەدر ئەلبووسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان داوای درێژكردنەوەی ئاگربەست و بەردەوامبونی دانوستانەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێرانی كرد، دووپاتی كردەوە كە بەدیهاتنی ئاشتی پێویستیی بە سازانی بەئازار هەیە، بەڵام هێشتا لە خەرجی و تێچووی لێكەوتەكانی شكستهێنان و گەڕانەوە بۆ شەڕ كەمترە.

ئەلبوسەعیدی لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، داوای درێژكردنەوەی ئاگربەست و بەردەوامبوونی دانوستانەكان دەكەین، سەركەوتنی دانوستانەكان پێویست بە سازشكردنی بەئازاری هەموولان دەكات، بەڵام هێشتا ئەوە بە ئازاری شكست و شەڕ بەراورد ناكرێت. 

لای خۆیەوە شەهباز شەریف سەرۆك وەزیرانی پاكستان دووپاتی كردەوە كە دانوستانی ئاشتی لە نێوان ئەمەریكا و ئێران كە لە ئیسلام ئاباد هاتە سازكردن، سەرەڕای نەگەیشتنی بە رێككەوتن، بەڵام كۆتای نەهاتووە، ئێستە بە دۆخێكی چەقبەستووییدا تێپەڕ دەبێت، وەك ئاماژەیەك بۆ بەردەوامیی هەوڵە دیپلۆماسییەكان بۆ كۆتاهێنان بە شەڕەكە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل