دوێنێ پەرلەمانی عێراق داوای لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی كرد وەك گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران بۆ راسپاردن و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، بڕیارە سبەی لایەنەكانی چوارچێوەكە لە بەغدا بۆ دیاریكردنی كاندیدی خۆیان یان میكانیزمەكانی دیاریكردنی كاندیدەكە كۆ ببنەوە، بەپێی زانیارییەكان تا ئێستە نۆ كاندید هەیە، بەڵام یەكێك لەوانە پاڵپشتیی و رەزامەندیی 80%ی شیعەی لەسەرە.
بەپێی
سەرچاوەیەكی تایبەت باسم بەدری سەرۆكی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری سازانی 80%ی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەرە، ئێستە مشتومڕەكە لەسەر كەمیی شارەزاییە سیاسییەكەی و پێوەندییە دەرەكییەكەیەتی، لە رۆژانی داهاتوو كۆبوونەوەیەكی چوارچێوە هەیە، سبەی دووشەم یان چوارشەمی داهاتوو، زۆرینەی هێزەكانی چوارچێوە لەسەر كاندیدكردنی وەك كاندیدی هاوبەش رێككەوتوون.
بەدری سەر بە حزبی دەعوە- رێكخستنی عێراقە و لە دوای 2003 بەدیار كەوت و ئەندامی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری و دواتر سەرۆكی دەستەكە بووە، دكتۆرای لە بواری ئابووری كشتوكاڵیدا هەیە و لە نووری مالیكییەوە نزیكە.
ئەمڕۆ عامر فایز پەرلەمانتاری شیعە گوتی، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە نیازە تاوتوێی نۆ ناو وەك كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی سبەی دووشەم بكات، لەوانە نووری مالیكی و محەمەد شیاع سوودانی و حەیدەر عەبادی و باسم بەدری موحسین مەندەلاوی و حەمید شەتری و محەمەد ساحب دەراجی و عەلی شوكری و قاسم ئەعرەجی و لە كۆبوونەوەی سبەی دووشەمی چوارچێوەی هاوئاهەنگی میكانیزمی دیاریكردنی گونجاوترینیان دیاری دەكرێت.
فایز دووپاتی كردەوە كە تا ئێستە نووری مالیكی دەستی بە كاندیدبوونی بۆ پۆستەكە گرتووە، سەرەڕای بوونی بەرهەڵستی لە لایەن بەشێك لە هێزە سیاسییەكان، بۆیە ئەگەری هەیە لە كۆبوونەوەی سبەی دووشەم لە ماڵی عەمار حەكیم لە بەغدا رێككەوتن لەسەر كاندیدێكی دیاریكراو یان میكانیزمەكانی دیاریكردنی كاندیدی پۆستەكە بكرێت.