لە ماوەی هەردوو هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لە هاوینی رابردوو و شوباتی ئەمساڵ، ئەندامانی هاوپەیمانی ناتۆ و یەكێتی ئەوروپا و بەریتانیا پاڵپشتییان لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا نەكرد، ئەوەش سەرۆكی ئەمەریكا توڕە كرد و چەند جارێك بە ترسنۆك و بێهەڵوێست وەسفی كردن، ئەمڕۆ دوای راگەیاندنی گەمارۆدانی ترەمپ بۆ گەرووی هورمز، بەریتانیا جارێكی تر رەتی كردەوە بەشداری لەو هەنگاوە بكات.
وەك رۆژنامەی
"فاینانشیەڵ تایمز"، بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ یەكشەم حكوومەتی بەریتانیا لە بەیاننامەیەك رای گەیاند، بەشداری لە گەمارۆدانی سەر گەرووی هورمز ناكەین، كە ئەمەریكا سەركردایەتی دەكات، هاوكات لەگەڵ فڕەنسا و هاوبەشانی تر، كار بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیەتێك بۆ پاراستنی هاتوچۆی دەریایی لە ناوچەكە دەكەین.
روونی كردەوە، نابێت لە گەرووی هورمز رسووماتی تێپەڕبوون وەربگیرێت، بۆیە پاڵپشتی لە ئازادی هاتوچۆی دەریاوانی و كردنەوەی دەكەین، بەڵام بەشداری لە گەمارۆی سەر گەرووەكە ناكەین كە ئەمەریكا سەركردایەتیی دەكات.
ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی كرد كە پەرەسەندنێكی گەورە لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران روو دەدات، دووپاتی كردەوە، بەمنزیكانە گەمارۆ و سزا دەخەنە سەر گەرووی هورمز، رای گەیاند، گەمارۆكە تەواوی كەشتییەكان دەگرێتەوە كە هاتوچۆ بە گەرووەكە دەكەن، یاساكە ئەوە دەبێت یان هەموو شتێك یان هیچ، بۆیە ئەمەریكا بە كردەنی دەستی بە كۆكردنەوەی هێزە دەریاوانییەكانی كردووە و كەشتیگەلێكی گەورەی سەربازی بەرەو گەرووی هورمز جموجۆڵ دەكات.
سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی كرد، دەست دەكەین بە لەناوبردنی ئەو مینە دەریاییانەی ئێران لە گەرووی هورمز چاندوویانە، هەر ئێرانییەكیش تەقە لە ئێمە یان كەشتییەكانی تر بكات، لەناوی دەبەین، لە دوای نەگەیشتن بە رێككەوتن لە دانوستانەكانی پاكستان، ئەمەریكا ئامادەیە بۆ لەناوبردنی ئێران لە ساتی گونجاودا.