ئاگربەستە دوو هەفتەییە كاتییەكە كە لە 8ی ئەم مانگە لە نێوان ئەمەریكا و ئێران بە ناوەندگیریی پاكستان هاتە راگەیاندن و بڕیارە لە 21 مانگ كۆتایی بێت، تا ئێستە یەك گەڕی شكستخواردووی دانوستانی هەردوو وڵاتی بەخۆیەوە بینیوە، پێشبینی دەست پێكردنەوەی شەڕ و داواكاریش بۆ درێژكردنەوەی هەیە، لەو ناوەدا میلیشیاكانی عێراق، كە ئەوانیش هێرشەكانیان وەستاندووە، هەڕەشە دەكەن كە هەر هێرشێك بۆ سەر ئێران ئەوانیش بەهێزتر دەست پێ دەكەنەوە.
سەركردەی یەكێك لە میلیشیاكانی عێراق دووپاتی كردەوە كە بڕیاری وەستانی هێرشەكان بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و وڵاتانی ناوچەكە، راستەوخۆ پێوەندی بە ئاگربەستە راگەیەندراوەكەی نێوان ئێران و ئەمەریكا هەیە، بۆیە هەر كردنەئامانجێكی ئێران، راستەوخۆ دەبێتە هۆی دەست پێكردنەوەی هێرشی میلیشیاكان و بە شێوەیەكی بەهێزتر.
ئەو سەركردەی میلیشیاكان گوتی، ئەو ئاگربەستە كاتی و مەرجدارە، بۆیە هەر پێشێلكارییەك بۆ ئاگربەستەكە، بەتایبەتی لە حاڵەتی دەست پێكردنەوەی هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، راستەوخۆ هێرشی میلیشیاكان دەست پێ دەكاتەوە و ئەگەری بەهێزتربوونی لەوانەی پێشوو هەیە.
ئاماژەی كرد، بڕیاری دەست پێكردنەوەی هێرشەكان هیچ پێوەندییەكی بە هەوڵ و ناوەنگیریی ناوخۆیی و گوشاری سیاسییەوە نییە، هیچ لایەنێكی سیاسی و حكوومەتی عێراق دەستیان لەو بڕیارەدا نییە، ئەوەی دەكرێت پابەندییەكی تەكتیكییە بە ئاگربەستە راگەیەندراوەكە، بۆیە بەردەوامبوونی ئەو هێمنییەی هەیە، راستەوخۆ پێوەستە بە بە بەردەوامبوونی ئاگربەستەكە و پابەندبوون پێوەی.