دوای كوێت و سعوودیە.. بەحرێن بانگهێشتی كاربەڕێكەری باڵوێزخانەی عێراق دەكات

:: PM:06:31:13/04/2026 ‌

دوای ئەوەی لە ماوەی 40 رۆژی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، میلیشیاكانی عێراقی خاكی عێراقیان بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی كەنداو و عەرەبی بەكار هێنا، ئەوە وای كرد حكوومەتی ئەو وڵاتانە سەركۆنەی ئەو كارە بكەن و داوا لە حكوومەتی عێراق بكەن رێگری لەو میلیشیایانە بكات.

لە ماوەی هەڵمەتە سەربازییەكەی سەر ئێران، میلیشیاكانی عێراق ددانیان بەوە دانا كە جیا لە هێرشەكانیان لە عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەوان سووریا و كوێت و سعوودیە و وڵاتانی تریشیان بۆردمان كردووە، كوێت دوو جار كاربەڕێكەری باڵوێزخانەی عێراقی بانگهێشت كرد و یاداشتی ناڕەزایەتی پێ دا، بەم دوایەش سعوودیە بە هەمان شێوە، ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی بەحرێن ئەحمەد ئیسماعیل كەرەوی كاربەڕێكەری باڵوێزحانەی عێراقی لە مەنامە بانگهێشت كرد و سەركۆنەی هێرشەكانی كرد كە لە خاكی عێراقەوە دەكرێن.

وەك ئاژانسی هەواڵی بەحرێن "بنا"، باسی كرد، وەزارەتی دەرەوەی بەحرێن بە كەرەوی راگەیاندووە كە شانشینی بەحرێن سەركۆنەی توندی بەردەوامیی هێرشە درۆنییەكان لە خاكی عێراقەوە بۆ سەر بەحرێن و ژمارەیەك وڵاتی تری ئەنجوومەنی هاریكاریی وڵاتانی كەنداو دەكات، یاداشتێكی ناڕەزایەتی رادەستی كاربەڕێكەرە عێراقییەكە كرا و دووپات لەوە كرایەوە دەبێت عێراق بەپەلە و بەرپرسیارانە چارەسەری ئەو هەڕەشە و هێرشانە بكات.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل